سەردێڕ:

لەبارەی هێرشەکەی سەر ماڵی فازڵ بەشارەتی بە نارنجۆک روونکردنەوە دەدرێت

فۆتۆ: 
2021-04-08

5424 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی سەرکردایەتی سلێمانی - هەڵەبجەی پارتی رایگەیاند، هێرشکردنە سەر ماڵی فازڵ بەشارەتی بە نارنجۆک، "هەوڵێکی ترسنۆکانەیە" و داوا لە دەزگا ئەمنییەکانیش دەکات بکەرانی دەستگیربکات.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجومەنی سەرکردایەتی سلێمانی - هەڵەبجەی پارتی لەراگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد، شەوی رابردوو بە نارنجۆک هێرشکراوەتە سەر ماڵی "فازڵ بەشارەتی" ئەندامی سەرکردایەتی حزبەکەیان، دەشڵێن، "بەردەوامبوونی ئەم جۆرە کارانە دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵکی باوەڕی بە دامەزراوەکان نەمێنێت."

لەراگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، کە ئەم جۆرە کارانە دەبێتە هۆی تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و رێزەکانی ماڵی کورد.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، فازڵ بەشارەتی بەرپرسی پێشووی لقی ١٢ی پارتى لە هەڵەبجە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، شەوی رابردوو، نارنجۆکێک بە ئاڕاستەی ماڵەکەی هەڵدراوە، بەڵام کەوتووەتە ماڵی دراوسێیەکەیانەوە و تەنیا زەرەو و زیانی ماددی هەبووە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ٥ی ئەم مانگەدا، فازڵ بەشارەتی لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "هەرکەس تەقە لە بارەگای پارتی دەکات دەڵێن، سەرخۆش بووە."

رووداوی تەقەکردن لە بارەگای لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان نوێ نییە و چەند جارێک تەقە لە بارەگاکانى پارتى لە سنورى پارێزگای سلێمانى و هەڵەبجە کراوە، هاوکات لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیش چەندجارێک تەقە لە بارەگاکانی یەکێتی کراوە.