سەردێڕ:

پنتاگۆن: خشتەیەک نییە بۆ کشانەوەی هێزەکانمان لە عێراق

فۆتۆ: 
2021-04-08

777 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، هیچ لێتێگەیشتنێک لەگەڵ بەغدا پەیوەست بە کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانیان لەو وڵاتەدا نەکراوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، جۆن کیربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، ئەو بڕگەیەی لە راگەیاندنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و عێراقدا هاتووە سەبارەت بە "گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی بەردەوامیدان بە پرۆسەی کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق"، بەواتای ئەوە نییە لە ئێستادا دەستبەجێ دەست بە کشانەوەی هێزەکانمان دەکەین.

جۆن کیربی راشیگەیاند، راگەیەندراوەکە جەختدەکاتەوە لەسەر بەردەوامی گفتوگۆ هونەرییەکان لەبارەی کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانیان و لەکاتی گونجاوی خۆیدا وڵاتەکەی دەست بە کشانەوەی هێزەکانی دەکات.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاماژەی بەوەشدا، هێزەکانی ئەمریکا لەسەر داوای حکومەتی عێراق چوونەتە ناو ئەو وڵاتەوە بۆ روبەڕوبوونەوەی داعش.

ئەمەش لەکاتێکدایە، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، ئەمەریكا بەڵێنیداوە ژمارەیەكی بەرچاو لە سەربازەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە و بەپێی رێككەوتنی نێوان عێراق و ئەمەریكا بەچەند قۆناغێک هیچ بنكەیەكی هێزە بیانییەكان لە عێراق نامێنێت.