سەردێڕ:

وەزارەتی پەروەردە بڕیارێکی نوێی دەرکرد

فۆتۆ: 
2021-04-08

52295 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، تا ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا تەواوی ناوەندەکانی خوێندنی بە داخراوەیی دەمێننەوە، دەشڵێت، تەنیا تاقیکردنەوەکان ئەنجام دەدرێن.


دەقی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم:

تاوەکو ئەنجامدانی کۆبونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەواوی ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە (حکومی - ناحکومی) بە داخراوەیی دەمێننەوە. تەنها تاقیکردنەوەکان ئەنجام دەدرێن، بە گوێرەی خشتەی راگەیەندراو  بەردەوام دەبن بە رێککارەکانی خۆپارێزیییەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ، موسلیم عەبدوڵا جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان لە پانۆرامای ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، ئەو دەنگۆیە هەیە کە وەرزی یەکەم بخوێنرێت و ئەو وەرزەش بە وەرزی دووەمیش حساب بکرێت، بەڵام کاتمان لەبەردەمدا ماوە و دەکرێت وەرزی دووەمیش بخوێنرێت.

موسلیم عەبدوڵا ئەوەشی خستەڕوو، "ئێمە پێشنیازمان کردووە کە لە هەفتەیەکدا رۆژێک یاخود دوو رۆژ دەوام بکرێت، بەڵام دەوامکردن بۆ پۆلی ١٢ی ئامادەیی وەک خۆی دەمێنێتەوە."

 

ساڵی رابردوو لە مانگی شوباتەوە، سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن، بە زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکانیشەوە داخران و جگە لە پۆلی ١٢ی ئامادەیی و ئەو خوێندکارانەی تاقیکردنەوەی خولی دووەمیان هەبوو هیچ پۆلێک تاقیکردنەوەی ئەنجامنەدا.

لەمساڵیشدا، خوێندنی سەرجەم ناوەندەکان بە پچڕ پچڕی خوێندراوە و لە دوایین بڕیاریشدا لە چەند رۆژی رابردوودا لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاریدا دەرگای قوتابخانەکان بە داخراوی بمێنێتەوە، هەر ئەمڕۆش، سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "ئێستا گونجاو نییە دەرگای قوتابخانەکان بکرێنەوە"، وتبووشی، "دوو بژاردەمان لە بەردەمدایە، یان دەرگای خوێندن بە داخراوی دەمێنێتەوە یان خوێندن بە ئەلکترۆنی بەردەوام دەبێت."