سەردێڕ:

بە ئاڕاستەی ماڵی بەرپرسێکی پارتی نارنجۆکێک هەڵدرا

شەوی رابردوو
فۆتۆ: 
2021-04-08

10784 جار خوێندراوەتەوە

شەوى رابردوو بە ئاڕاستەی ماڵى بەرپرسێکی پارتى لە هەڵەبجە نارنجۆکێک هەڵدرا، بەڵام زیانى گیانى لێنەکەوتووەتەوە.


فازڵ بەشارەتی بەرپرسی پێشووی لقی ١٢ی پارتى لە هەڵەبجە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، شەوی رابردوو، نارنجۆکێک بە ئاڕاستەی ماڵەکەی هەڵدراوە، بەڵام کەوتووەتە ماڵی دراوسێیەکەیانەوە و تەنیا زەرەو و زیانی ماددی هەبووە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، رووداوەکە کاتژمێر ١٢ و ٣٠ خولەک روویداوە و لەلایەن دوو کەسەوە ئەنجامدراوە، کە لەسەر ماتۆڕبوون.

باسی لەوەشکردووە، لەو کاتەدا کە نارنجۆکەکە هەڵدراوە لە ماڵەوە نەبووە، دەشڵێت، "هیوادارم هێزە ئەمنییەکان بتوانن تۆمەتبارەکان دەستگیربکەن و ئەگەر دەستگیرنەکرێن ئەوا بۆ بۆشایی دەزگا ئەمنییەکان دەگەڕێتەوە."

فازڵ بەشارەتی دەشڵێت، "لە ماوەی رابردووشدا چەند جارێک هێرشکراوەتە سەر ماڵی من و سەر لقی پارتیش بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هیچ کەسێک دەستگیرنەکراوە، بۆیە خەریکە ئەم حاڵەتانە دەبێت بە دیاردە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەو رۆژەوەی پارتی دروستبووە لەلایەن هەموو دەوڵەتان و دەزگا سیخوڕییەکانەوە کراوەتە ئامانج"، دەشڵێت، "هەموو کەسە داخ لە دڵەکان خۆیان لە پارتیدا تاقیکردووەتەوە، بەڵام سەرکەوتوونەبوون و ناشبن."

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ٥ی ئەم مانگەدا، فازڵ بەشارەتی لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "هەرکەس تەقە لە بارەگای پارتی دەکات دەڵێن، سەرخۆش بووە."

رووداوی تەقەکردن لە بارەگای لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان نوێ نییە و چەند جارێک تەقە لە بارەگاکانى پارتى لە سنورى پارێزگای سلێمانى و هەڵەبجە کراوە، هاوکات لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیش چەندجارێک تەقە لە بارەگاکانی یەکێتی کراوە.