سەردێڕ:

مژدە مەحمود: لە پاڵپشتی کردنی خەڵک بەردەوام دەبین

فۆتۆ: 
2021-04-08

2173 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ رایگەیاند، "یەکێتی و پارتی چییان پێناخۆشبێت ئێمە ئەوە دەکەین، چونکە ئەوان پێیان ناخۆشە ئێمە پاڵپشتی خەڵک بکەین و باسی دزی و قاچاخچێتییەکانیان بکەین و ئێمەش لەسەر ئەو هەڵوێستانەمان بەردەوام دەبین."


مژدە مەحمود ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پانۆرامای ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "زۆر بە روونی دیارە کە سەرۆکایەتی پەرلەمان دژایەتی فراکسیۆنەکەمان دەکات، لەبەر ئەوەی ئۆپۆزسیۆنین."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، داهاتی هەرێم دوو هێندەی موچەیە بەڵام هێشتاش حکومەت موچە بە لێبڕینەوە دابەشدەکات.

باسی لەوەشکردووە، "ئەو بڕیارەی دژی سەرۆکی فراکسیۆنەکەمان دراوە نایاساییە و خەڵک کۆمەڵێک کێشەی گەورەی هەیە و ئێمە دەمانەوێت قسەی لەسەر بکەین."

ئاماژەی بەوەشکرد، پەرلەمانتارە کوردەکان لە پەرلەمانی تورکیا لە ئێمە ئازادتر قسەدەکەن، دەشڵێت، "ئێمە لە هەموو شوێنێک لەگەڵ خەڵکین و بێدەنگ نابین و سارد نابینەوە بەرامبەر بە دەسەڵات."

لەبارەی هەندێک هەڵوێستی فراکسیۆنی نەوەی نوێوە کە لایەنەکانی دەسەڵات بە موزایەدە وەسفی دەکەن مژدە مەحمود دەڵێت، "ئێمە لەگەڵ خەڵکین لەسەر شەقام و لە ناو پەرلەماندا شەڕمان بۆ خەڵک کردووە و خۆزگە یەکێتی و پارتیش بۆ نەمانی لێبڕینی موچە و رەتکردنەوەی خانەنشینی موزایەدەیان بکردایە و ئەوانیش لەگەڵ خەڵکدا بوونایە."






‌بەپەلە