سەردێڕ:

ئەمریکا بەشێکی دیکە لە هێزەکانی لە عێراق دەکشێنێتەوە

فۆتۆ: 
2021-04-08

885 جار خوێندراوەتەوە

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، ئەمەریكا بەڵێنیداوە ژمارەیەكی بەرچاو لە سەربازەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە و بەپێی رێككەوتنی نێوان عێراق و ئەمەریكا بەچەند قۆناغێک هیچ بنكەیەكی هێزە بیانییەكان لە عێراق نامێنێت.


قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، ئەمەریكا بەڵێنی كشانەوەی ژمارەیەكی بەرچاوی سەربازەكانی لە عێراق داوە و لە میانی دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمەریكاشدا باسی ئەو پێشكەوتنەكراوە كە هێزەكانیان لە شەڕی دژی 'تیرۆر'دا خۆیان بەدەستیانهێناوە.

قاسم ئەعرەجی باسی لەوەشکردووە، "لەسەر ئەوە رێككەوتین هێزە ئەمنییەكانمان ئەركی شەڕی دژی داعش لە دەست خۆیاندا بێت و هەردوولا لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە هیچ بنكەیەكی بیانی لە عێراقدا نەمێنێت."

هاوکات، لە راگەیەنراوی هاوبەشی ئەمریکا و عێراق لەبارەی گەڕی سێیەمی دیالۆگی ستراتیژیی نێوانیان، وتوویانە، هەردوولا جەختیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییە بەهێزەکانی نێوانیان کردووەتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، شاندی هەردوولا بوارەکانی ئاسایش و روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و بواری ئابوری و وزە و ژینگە و پرسە سیاسییەکان و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان تاوتوێ کردووە.

دوێنێ چوارشەممە، گەڕی سێیەمی گفتوگۆی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمریکا لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بەڕێوەچوو، هاوکات، دۆسییەکانی ئەمنی و روبەڕوبوونەوەی تیرۆر، ئابوری و وزە، بابەتە سیاسییەکان و هاریکاری لە بوارەکانی پەروەردە و کەلتور لە دۆسییە سەرەکییەکانی ناو گفتوگۆکان بوون.