سەردێڕ:

لێدوانێکی نوێ لەسەر پرۆسەی خوێندن دەدرێت

لیژنەی پەروەردە لەسەر خوێندن قسەدەکات
فۆتۆ: 
2021-04-07

37126 جار خوێندراوەتەوە

موسلیم عەبدوڵا جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان لە پانۆرامای ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، ئەو دەنگۆیە هەیە کە وەرزی یەکەم بخوێنرێت و ئەو وەرزەش بە وەرزی دووەمیش حساب بکرێت، بەڵام کاتمان لەبەردەمدا ماوە و دەکرێت وەرزی دووەمیش بخوێنرێت.


ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئێمە پێشنیازمان کردووە کە لە هەفتەیەکدا رۆژێک یاخود دوو رۆژ دەوام بکرێت، بەڵام دەوامکردن بۆ پۆلی ١٢ی ئامادەیی وەک خۆی دەمێنێتەوە."

جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت، لیژنەی باڵای کۆرۆنا هەفتەی داهاتوو چارەنووسی خوێندن یەکلایی دەکاتەوە، وتیشی، "خوێندنی ئۆنلاین لە هەرێم سەرکەوتوو نابێت."

موسلیم عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامارەکانی کۆرۆنا لە هێڵی سوور نزیکبوونەتەوە، بەڵام ئەوان دەیانەوێت دەرچەیەکی دیکە بۆ پرۆسەی خوێندن بدۆزنەوە.

ساڵی رابردوو لە مانگی شوباتەوە، سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن، بە زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکانیشەوە داخران و جگە لە پۆلی ١٢ی ئامادەیی و ئەو خوێندکارانەی تاقیکردنەوەی خولی دووەمیان هەبوو هیچ پۆلێک تاقیکردنەوەی ئەنجامنەدا.

لەمساڵیشدا، خوێندنی سەرجەم ناوەندەکان بە پچڕ پچڕی خوێندراوە و لە دوایین بڕیاریشدا لە چەند رۆژی رابردوودا لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاریدا دەرگای قوتابخانەکان بە داخراوی بمێنێتەوە، هەر ئەمڕۆش، سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "ئێستا گونجاو نییە دەرگای قوتابخانەکان بکرێنەوە"، وتبووشی، "دوو بژاردەمان لە بەردەمدایە، یان دەرگای خوێندن بە داخراوی دەمێنێتەوە یان خوێندن بە ئەلکترۆنی بەردەوام دەبێت."






‌بەپەلە