سەردێڕ:

مێژووی دەزگای ھەواڵگری لە فیرعەونەکانەوە بۆ CIA ئەمریکا

فۆتۆ: 
2021-04-07

2213 جار خوێندراوەتەوە

ھیچ کاتێک حەزم بە بابەتی ھەواڵگریی و ئەمنی نەبووە، لەوانەبێت لەمەشدا سەرقاڵبوونم بە ئەدەب و فکرەوە ھۆکارێک بوبێت، بەڵام لەم ماوەیەی پێشوودا بە رێکەوت چاوم بە کتێبێک کەوت، باسی مێژووی دەزگای ھەواڵگریی دەکرد لە جیھاندا، راستییەکەی ناوەڕۆک و بابەتە گرنگەکانی ناو کتێبەکە زۆر سەرسامی کردم و کۆمەڵێک زانیاریی سەیرم لەم کتێبەدا دەستکەوت، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە مێژووی چۆنێتی دروستبوونی دەزگای ھەواڵگریی لە مێژووی کۆنەوە تاوەکو ئێستا ھەیە. ئەو کتێبەش بە زمانی عەرەبی لە ژێرناونیشانی (تاریخ المخابرات من الفراعنە الی وکالە الامن القومی الامریکی NSA) کە لەلایەن « ۆلڤگانگ کریگەر» نووسراوە و « عەدنان عەباس عەلی» لە ئەڵمانییەوە کردوێتی بە عەرەبی.


ئەم نووسەرە ئەڵمانییە و مێژوونووسە و کەسێکی ئەمنیی و شارەزاییەکی زۆر باشی لە بواری ھەواڵگری ھەیە و کۆمەڵێک کتێبی لەبارەی مێژووی دەزگای ھەواڵگری ھەیە. سەرەتا دەمویست بە زمانی ئەڵمانی ئەم کتێبە بخوێنمەوە، بەڵام زەحمەت بوو بەم زووانە دەستم بکەوێت، دواتر کاتێک سەیری ژیاننامەی وەرگێڕەکەم کرد، سەیرم کرد لە ئەڵمانیا خوێندنی تەواوکردووە، دیارە شارەزایی باشی لە زمانی ئەڵمانی ھەیە، بۆیە وازم لە چاپە ئەڵمانییەکە ھێنا و دەستمکرد بە خوێندنەوەی بە عەرەبی.

ناوەڕۆکی کتێبەکە
ئەم کتێبە زۆر بە وردی باسی پیشەی « سیخوڕی» دەکات، نووسەر وەکو پیشە سەیری دەکات، سیفاتی سیخوڕ کێیە، کام توێژی کۆمەڵایەتی باشترین کەسن بۆ سیخوڕی، ھەروەھا ھۆکارو ئامڕازەکان چین کە بەکاردێن بۆ راکێشانی سیخوڕ. شێوازەکان لە کۆندا چۆن بوون و لە ئێستاشدا چۆنن. باسی مێژووی دروستبوونی ھەواڵگری دەکات، سەرەتاش لە شارستانی میسرەوە دەستپێدەکات و دواتریش ئیمپراتۆریەتی فارسی گەشە بەم مەسەلەیە دەدات و پاشانیش زۆرێک لە دەوڵەتە مەزنەکانی ناوچەکە، لاسایی فارسەکان دەکەنەوە بەتایبەتی «رۆم و بێزەنەتە». پاشان نووسەر باسی ھەواڵگری دەکات لە لایەن خەلافەتی ئیسلامییەوە، بەتایبەتی لەسەردەمی خەلیفە ھارونەرەشیدا.

دواتریش نووسەر باسی ھەواڵگریی دەکات لە دەوڵەتانی ئەوروپادا بەتایبەتی لە فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، روسیا. لە کۆتاییشدا باسی مێژووی دەزگای ھەواڵگری ئەمریکا دەکات، خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە، ئەم دەزگایە لەلایەن بەریتانییەکانەوە دامەزراوە یان ھاوکاریی ئەمریکییەکان کراوە بۆ دامەزراندنی. ھەروەھا باسی جەنگی ھەواڵگری لە سەردەمی جەنگی ساردا لە نێوان ئەمریکا و روسیادا دەکات. لە کۆتاییشدا باسی شێواز و ئامڕازی نوێی دەزگا ھەواڵگرییەکان بەتایبەتی لە جەنگی سایبری و ئەلکترۆنی و کۆمەڵێک بابەتی گرنگی تر، کە لێرەدا ھەوڵ دەدەم باسی ھەندێکیان بکەم.

سیخوڕ کێیە؟
نووسەر لەم کتێبەیدا بە وردی باسی کاری سیخوڕیی دەکات و ئامانج و ھۆکارەکانیشی بۆ خوێنەر دەخاتەڕوو، ئەو پێی وایە «سیخوڕ» کەسێکە کە دەتوانێت نھێنییەکانی دەوڵەت و حاکمێکی دوژمن ئاشکرا بکات، یان بە واتایەکی تر دەتوانێت دەستی بگات بە کۆمەڵێک زانیاری دەوڵەت، کە کەسێکی ئاساییی ناتوانێت دەستی پێ بگات.
دواتر نووسەر ھەوڵی شیکردنەوەی کارو پیشەی سیخوڕیی دەدات و قسەش لەسەر خائین دەکات، نووسەر دەڵێت: سیخوڕ کەسێکە کە کار دەکات بۆ دەوڵەتێکی تر، گەرچی خائین کەسێکە خەڵکی وڵاتەکەیە و خیانەت لە نیشتمانەکەی دەکات، ئەمەش لەبەر کۆمەڵێک ھۆکار.

لە رووی کەسایەتییشەوە، نووسەر پێی وایە «سیخوڕ» ھەمیشە ھەست بە نا ئارامی و ترس دەکات، چونکە لە ئەنجامی ئاشکرابوونی کارەکەی رووبەروی سزای گەورە دەبێتەوە کە لەوانەبێت کۆتایی بە ژیانی بھێنێت. ھەروەھا کەسایەتی سیخوڕ کەسێکی رارا و بەدگومانە، چونکە ھەمیشە دۆشداماوە لە نێوان بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی و بەرژەوەندیی نیشتمانەکەی کە خیانەتی لێدەکات.

سیماکانی کەسی سیخوڕ
نووسەر پێی وایە کەسایەتی «سیخوڕ» دەبێت خاوەنی کۆمەڵێک سیفاتی تایبەتی بێت لەوانە: کەسێکی بەڕێز بێت لە مامەڵکردن لەگەڵ خەڵکیدا وەکو ئینگلیز دەڵێت: «جێنتلمان»بێت، لە رووی سیماشەوە کەسێکی سەرنجڕاکێش بێت، باوەڕی بەخۆی بێت و لە رووی عەقڵییشەوە کەسێکی زیرەک و ژیر بێت، ھەربۆیە بەشێکی زۆری ئەوانەی کە کاری سیخوڕییان بۆ دەزگای ھەواڵگریی ئەمریکا دەکرد لە ئەڵمانیا، کەسانی دەرچووی زانکۆ و ئەکادیمییە تایبەتەکان بوون. بە پێچەوانەوە دەزگای ھەواڵگری ئەڵمانیای خۆرھەڵات، زیاتر پشتی بە کەسانی کرێکار دەبەست کە باوەڕیان بە ئایدۆلۆژیای مارکسی ھەبوو.


کارەکانی دەزگای ھەواڵگری
نووسەر بەشێوەیەکی زانستی باسی دەزگای ھەواڵگری دەکات و ئەرک و ئامانجەکانیشی دیاری دەکات کە خۆی لەم خاڵانەی خوارەوە دەبینێتەوە:
١-کۆکردنەوەی زانیاری لە بارەی دۆست و دوژمنەوە. واتە تەنھا دوژمنەکان ناکرێنە ئامانج بەڵکو دۆستەکانیش.
٢-کاریگەریی دانان لەسەر رووداوەکان بەشێوەیەکی نھێنی.
٣-پاراستنی دەزگای ھەواڵگریی لە ھێرشی دەزگای ھەواڵگریی دەوڵەتانی بییانی.
٤-دزەکردن بۆ ناو دەزگای ھەواڵگریی دەوڵەتانی بیانی.
٥-پاراستنی وڵات لە دژی دوژمنە دەرەکییەکان.
٦-چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیییەکان.
پاشانیش نووسەر پێیوایە پێویستە دەزگا ھەواڵگرییەکان پشکنین و لێکۆڵینەوەی ورد لەبارەی ھەموو زانیاریی و ھەواڵێک بکەن و لە راستی و دروستی ئەو ھەواڵ و زانیارییانە بکۆڵنەوە کە لە سەرچاوەکانیانەوە دەستیان دەکەوێت.

ئەو کەسانە کێن کە دەبنە سیخوڕ؟
نووسەر پێی وایە بەشی زۆری دەزگا ھەواڵگرییەکان پشت بە کۆمەڵێک چین و توێژی تایبەت دەبەستن بۆ کاری سیخوڕی لەوانەش «خەڵکانی سەربە کەمە نەتەوەیی و ئاینییەکان» یان ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەت ھەیە بۆ نموونە لە سەردەمی جەنگی سارد» کۆمۆنیست و چەپەکان» باشترین سیخوڕی دەزگای ھەواڵگری سۆڤێت بوون، ھەروەھا کەسانی «لیبڕاڵ و ئازادیخوازیش» دەبوونە سیخوڕی ئەمریکا. ھەروەھا لە دێر زەمانیشەوە دیلەکان، بازرگانەکان، نێردە دیپلۆماتییەکان، پیاوانی ئایینی» لەم چین و توێژانەشدا، کەسانی سیخوڕ رادەکێشران بۆ ناو دەزگای ھەواڵگری.

بەبێ بوونی دەزگای ھەواڵگریی و ئەمنی حوکم ناکرێت
لە شارستانی ھیدنی کۆنیشدا دەزگای ھەواڵگری و ئەمنی رۆڵی گەورەیان گێڕاوە، بەتایبەتی لە سەردەمی شانشینی «مائوریا»کە پادشا «چاندرا گۆپتا» لە ساڵانی ٣٢٠ بۆ ٢٩٧ پێش زایین حوکمی کردووە، لەوکاتەدا بیرمەندی ھیندی « کاوتیلیا» وەزیر بووە، ئەم پیاوە بیرەمەندێکی سیاسیی و فکری گەورەی ھیندوستان بووەو خاوەنی یەکێکە لە کۆنترین کتێب لە بارەی ئیدارەو حوکمدارییەوە، کتێبەکەی بەناونیشانی « ئارتھا شاستراArthashastra، لەم کتێبەدا نووسەر زۆر شتی لەبارەی شێوازی حوکمڕانی و ئیدارەی دەوڵەت و لە ھەمووشی گرنگتر باسی گرنگی ھەواڵگری کردووە. نووسەر لەمبارەیەوە دەڵێت: حوکمکردنی وڵاتێک بە بوونی دەزگای ھەواڵگری و ئەمنی کارێک مەحاڵە.
دواتریش لە سەردەمی دەوڵەتی سەلجوقیدا کە لە سەدەی یانزەدا لەوپەڕی بەھێزیدا بوون، « نیزام ئەلمەلیک» کە وەزیرێکی فارس بووە، یەکێک بووە لە وەزیرە زیرەکەکان و پاشتریش لە نامەیەکیدا باسی ھونەری حوکمڕانی دەکات و دەڵێت: پێویستە لەسەر پادشاکان ئاگاداری ھەواڵی رەعیەت و سووپاکەیان بن، دەبێت ھەموو شتێکی بچووک و گەورە لەناو وڵاتەکەیاندا بزانن، ھەربۆیە پێویستی بە بوونی دیوانێکی «پۆستە» ھەیە، ھەروەھا دەبێت ھەموو خەڵکیش بزانێت کە پادشا، چاو و گوێی لە ھەموو مەملەکەتدا ھەیە و رەعیەت لێی بترسن، ئەمەش سوودی بۆ پادشا و مەملەکەت ھەیە.

ھارونەرەشید و ١٧٠٠ ژنی سیخوڕ
ئێمە زۆرجار کە باسی ھارونەرەشید دەکەین زیاتر وێنەی پادشایەکمان دێتەوە یاد، کە کۆشکەکەی پڕیەتی لە ژن و کەنیزەک، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بوو لەلام، ئەم نووسەرە لەم کتێبەدا باسی لایەنێکی تری ھارون رەشید دەکات، کە ئەویش گرنگی دانێتی بە پرسی ھەواڵگری، لەو کاتەدا بە « دیوانی بەرید» ناویان بردووە و لە رێگەی کۆمەڵێک کەسانی سیخوڕەوە، خەلیفە ئاگاداری ھەواڵی مەملەکەتەکەی بووە، لە ھەمووشی سەیرتر ئەوەیە کە ھارون رەشید نزیکەی ١٧٠٠ پیرە ژنی ھەژاری بەناو شاری بەغدا و دەوروپشتیدا بڵاوکردۆتەوە، لە رێگەی ئەم ژنانەوە، ھەواڵی ناو مەملەکەت و خێڵ و عەشیرەتەکانی ناو وڵاتی زانیووە، ئەمانەش باشترین سەرچاوەی ھەواڵگریی ھارون رەشید بوون.

رۆڵی ئاژەڵەکان
خاڵێکی گرنگی تر کە نووسەر لەم کتێبەدا باسی لێوە دەکات، رۆڵی ئاژەڵە لە گەیاندنی ھەواڵ و زانیاریی بەتایبەتی لە سەردەمە کۆنەکاندا، بۆ نموونە عەرەبەکان حوشتریان بەکارھێناوە بۆ بازرگانیی و گەیاندنی ھەواڵ و زانیاریی، ئەم ئاژەڵە دەتوانێت رۆژانە نزیکەی ١٨٠ کم بەناو سەحردا بڕوات، ئەمەش لەوکاتدا زۆر گرنگ بووە بۆ ئەو دەوڵەتانە. ئاژەڵێکی تریش کە رۆڵی گەورەی ھەبووە، «کۆتر» بووە، بەتایبەتی لە سەردەمی حوکمی مەماملیک لە سەدەی دوانزدە، لە رێگەی «کۆتر» ی تایبەتەوە، ھەواڵیان لە نێوان شارە گەورەکانی قاھیرە، دیمەشق، حەلەب، غەزە گواستۆتەوە، ئەمەش سوودی زۆری بە ھەواڵگری گەیاندووە.

بڵاوکردنەوەی ھەواڵی درۆ لەناو دوژمندا
خاڵێکی گرنگی تر کە دەزگا ھەواڵگرییەکان لە مێژوودا ھەتاوەکو ئێستاش کاری لەسەر دەکەن، بڵاوکردنەوەی ھەواڵی درۆیە لەناو دوژمندا، بەتایبەتی لەکاتی جەنگەکاندا، بۆ نموونە لە کاتی ھێرشی ئەسکەندەری مەکدۆنی بۆ سەر ئیمپراتۆریەتی ئێران بە سەرۆکایەتی داریوش، لە نزیک شاری جەلەولا، جەنگێکی گەورە روو دەدات، لەوکاتەدا فارسەکان دەتوانن ھەواڵێکی درۆ بڵاوبکەنەوە لە بارەی سووپاکەیان، ھەواڵەکەش بەو شێوەیە بووە کە سووپای فارسەکان لە رووی چەندایەتی و وچۆنایەتەییەوە زۆر بەھێزن، ھەرچەندە بەوشێوەیەش نەبووە بگرە زۆر لاوازیش بوون، ئەمەش وا دەکات کە ئەسکەندەری مەکدۆنی بترسێت و لە جەلەولا سوپاکەی بکشێنێتەوە، جگە لەوەش فارسەکان لە رێگەی کۆمەڵێک سیخوڕی خۆیانەوە، ھەواڵی درۆیان بە ئەسکەندەر دەگەیاند، ئەمەش زەرەری زۆری لە سووپاکەی ئەسکەندەر داوە.

یەکەمین دەزگای ھەواڵگریی مۆدێرن
لە زۆر شتی باش و خراپیشدا فەرەنسا پێشەنگی گەلانی جیھان بووە، لە بواری دەزگای ھەواڵگریشدا دووبارە فەرەنسییەکان پێشەنگ بوون لە ساڵی ١٧٤٦ لەسەردەمی پادشا « لویسی پانزەدا» یەکەمین دەزگای ھەواڵگری لەژێرناونیشانی « Secret du rio» نامە نھێینەیەکانی لویسی پانزە.» دادەمەزرێت. ئەم دەزگایە تایبەت بوو بە چاودێریکردنی دییپلۆمات و نێردە دیپلۆماتەکانی وڵاتان لە پاریس، ھەروەھا کۆکردنەوەی ھەواڵ لە بارەی وڵاتانی نەمسا و روسیا، کە لەو کاتەدا دوو دوژمنی سەرەکی فەرەنسا بوون، لەم دەزگایەدا ٣٥ کارمەند کاریان کردووەو دەزگاکەیان بەرێوە بردووەو ھەوڵیان داوە زانیاریی کۆبکەنەوەو پاشان بیدەنە دەستی پادشاو ئەویش ئەم دەزگایەی وەکو یەکێک لە ئامڕازە گرنگەکانی لە دژی دوژمنەکانی لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات بەکارھێناوە.
رۆڵی ھەواڵگری لە شۆڕشەکانی جیھاندا
خاڵێکی سەرنجڕاکێشی تر لەم کتێبەدا ئەوەیە، نووسەر بە وری و بە بەڵگەوە باسی رۆڵی دەزگا ھەواڵگرییەکان دەکات لە شۆڕشە گەورەکانی جیھان بەتایبەت لە « شۆڕشی فەرەنسی، روسیا، ئەمریکی» ھەروەھا چۆن لە سەردەمی ناپلیۆندا، فەرەنسییەکان ھەوڵیانداوە لە رێگەی دەزگای ھەواڵگریی خۆیانەوە، ھانی شۆڕش و راپەڕین لە وڵاتانی ئەوروپا بددەن. جێگەی ئاماژەیە ھەتا ئێستاش پشێویی نانەوە، بەشێکی کاری دەزگا ھەواڵگرییەکانی جیھانە. ئەمەش لە سەدەی بیستەمدا زیاتر دەبێت بەتایبەتی لە کاتی جەنگی سارددا. بۆ نموونە ئەمریکییەکان لەساڵی ١٩٥١ ھەتا ١٩٥٦ بە ھاوکاریی دەزگای ھەواڵگری ئەڵمانیا و بەریتانیا، نزیکەی ٢٠ ھەزار «مورتەزەقەی» وڵاتانی بەلتیقیان ناردووە بۆ سنووری یەکێتی سۆڤێت، ئەمەش بۆئەوەی لەوێندەر راپەڕین لە دژی یەکێتیی سۆڤێت بکەن، ھەرچەندە سۆڤێت توانیی بە ئاگر و ئاسن، ئەو راپەڕینانە سەرکوت بکات. لە سەدەی نوێشدا دەزگا ھەواڵگرییەکانی ناوچەکە رۆڵێکی زۆر خراپیان لە جەنگی سوریادا گێڕاوە، بەتایبەتی تورکیا.

رۆڵی تەکنەلۆژیا لە دەزگای ھەواڵگرییدا
خاڵێکی تر کە لە دەزگای ھەواڵگرییدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە تەکنەلۆژیایە، ھەر لەسەرەتاوە تەکنەلۆژیا رۆڵی سەرەکی ھەبووە، بەتایبەتی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمدا. بەتایبەتی ھەردوو ئامێری بێسیم و تەلەگراف، لەو کاتەشدا بەریتانیا پێشەنگی ھەموو گەلانی جیھان بووە و خاوەنی ٥٠ ئامێری بێسیم بووە، ٤٢ دانەیان لەسەر کەشتی گەلی سەربازیی بووە و ٨ دانەشیان لە کەنارە گرنگە دەریاییەکانی جیھان داناوە، ئەمەش وایکردووە کە لە رووی سەربازیی و ھەواڵگرییەوە سوودی لێوەربگرێت. ھەر لەو ساڵانەدا بەریتانیا لە رێگەی کابڵەوە توانیویەتی خۆی ببەستێتەوە بە ھیندستانەوە و خاوەنی ٢٠٠ ھەزار کیلۆمەتر کابڵ بووە لەژێر دەریاوە، بەکار‌ھێنانی تەلەگراف و بێسیم وایکردووە کە بەریتانیا ئاگاداری تەواوی کاروچالاکیی بازرگانی و سەربازییەکانی جیھان بێت.
ئێستاش ئەمریکا لە رێگەی ئینتەرنێتەوە جێگەی بەریتانیای گرتۆتەوە، چونکە ئەمڕۆ زۆربەی چالاکیی سەربازیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی جیھان بەناو تۆڕی ئینتەرنێتدا تێدەپەڕێت، کە ئەمریکا خاوەنێتی. ئەمەش وایکردووە کە ئەمریکا لە رووی ھەواڵگریی و سیاسیشەوە سوودی گەورەی لێ وەربگرێت، چونکە ئێستا تەنانەت دەزگا ھەواڵگرییەکانی جیھانیش، ناچارن ئینتەرنێت بەکاربھێنن یان تۆڕەکانی «فەیسبووک، گۆگڵ، یوتوب، تویتەر، ئیمایل» ھەموو ئەمانەش لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکادایە.


دەرئەنجام
بە گشتی ئەم کتێبە بەرچاوڕوونی گەورەی داوە بە خوێنەر لەبارەی جیھانێکی نھێنی و شاراوە، بابەتی زۆر گرنگی تێدایە لەبارەی کاری ئێستا و داھاتووی دەزگا ھەواڵگرییەکانی جیھانەوە، بەتایبەتی زلھێزەکانی جیھان، ئێستا خۆیان بۆ جەنگی مۆدێرن ئامادەدەکەن کە بە جەنگی سایبری یان ئەلکترۆنی ناسراوە، ئەمەش ھیچی لە جەنگی ئەتۆمی کەمتر نییە.
بەشبەحاڵی خۆم، سوودی زۆرم لەم کتێبە وەرگرت، ھیوادارم لە داھاتوودا لەلایەن وەرگێڕێکی باشەوە بکرێت بە کوردی.

 

ئامادەکردنی: ئەردەڵان عەبدوڵا 

 

سەرچاوە:
وولفغانغ کریغر. تاریخ المخابرات من الفراعنە حتی وکالە الامن القومی الامریکیە NSA. ترجمە: عدنان عباس علی. الگبعە الاولی. دار علام المعرفە. کویت. ابریل.٢٠١٨.