سەردێڕ:

ئایا ئەمڕۆ عێراق و ئەمریکا رێکدەکەون؟

فۆتۆ: 
2021-04-07

1174 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە گەڕی سێیەمی گفتوگۆی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمریکا لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بەڕێوەبچێت. هاوکات، دۆسییەکانی ئەمنی و روبەڕوبوونەوەی تیرۆر، ئابوری و وزە، بابەتە سیاسییەکان و هاریکاری لە بوارەکانی پەروەردە و کەلتور لە دۆسییە سەرەکییەکانی ناو گفتوگۆکان دەبن.


ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا ئەوەی خستەڕوو، لەگەڵ فواد حسێن هاوتا عێراقیەکەی لەچوارچێوەی گفتوگۆی ستراتیجی نێوان دوو وڵاتدا هەموو کایەکانی پەیوەست بە پەیوەندییە ستراتیجییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە تاوتوێدەکەن.

هاوکات، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "قۆناغی سێیەمی گفتوگۆی ستراتیجیی لەگەڵ واشنتۆن، بۆ حکومەتی عێراق گرنگە و دەڕوانیینە پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لەسەرجەم ئاستەکاندا".

لەلایەکی دیکەوە، کاتیع ریکابی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، گفتوگۆکان شتێکی نوێیان تێدانییە، بەڵکو درێژەپێدەر و تەواوکاری ئەو گفتوگۆیانە دەبێت کە لە رابردوودا و لەسەردەمی نوری مالکیەوە دەستیانپێکردووە.

دەشڵێت، ئەمە سەرەتایەکی بنەڕەتییە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کە لە ٥ی ١ی ٢٠٢٠ پەرلەمان بڕیاری لەسەردا.

لە چەند رۆژی رابردوودا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تویتەر رایگەیاند، وڵاتەکەی لە ٧ی نیسان لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسێکی داخراوەوە دەست بە گفتوگۆ ستراتیجییەکانی لەگەڵ عێراقدا دەکات.

بەشی کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، گفتوگۆکان بەگوێرەی رێککەوتنی ستراتیجی ساڵی ٢٠٠٨ی نێوان هەردوو وڵات بەڕێوەدەچێت.

ئاماژەی بەوەشدا، گفتوگۆکان دۆسییەکانی ئەمنی و روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و ئابوری و وزە و بابەتە سیاسییەکان و هاوکاریکردن لە بواری پەروەردە و فێرکردن و کلتوری دەگرێتەوە.