سەردێڕ:

دوو چەکداری داعش لە کەرکوک دەستگیرکران

فۆتۆ: 
2021-04-06

3595 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، دوو چەکداری داعش لە پارێزگای کەرکوک دەستگیرکران، دەشڵێت، "پلانێکی چەکداریان بۆ بەئامنجکردنی کارمەندانی ئەمنی و چەکدارانی حەشدی شەعبی لەشارەکە پوچەڵکردووەتەوە."


ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەراگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد، پلانێکی چەکدارییان بۆ بەئامانجکردنی کارمەندانی ئەمنی و چەکدارانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای کەرکوک، پوچەڵکردوەتەوە و دوو کەسیش کە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر و بەتۆمەتی ئەندامبوون لە داعش داواکرابوون، لە پارێزگای کەرکوک لەلایەن ھێزەکانی ئاژانسی ھەواڵگرییەوە دەستگیرکراون.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراقی؛ چەکدارە دەستگیرکراوەکان لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە بەراییەکانییدا، دانیان بەوەداناوە کە لە ٢٠٢٠وە چوونەتە ناو داعش و راسپێردراون تا کارمەندانی ئەمنی و چەکدارانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای کەرکوک تیرۆر بکەن.

هاوکات، ئەوەش هاتووە کە دەستگیرکراوەکان دوای وەرگرتنی وتەکانیان، دادوەریی لێکۆڵینەوە بڕیاریداوە رێوشوێنی یاسایی لەبەرامبەریان بگیرێتەبەر.

ئەگەرچی لە ساڵی ٢٠١٧ و دوای رزگارکردنەوەی شاری موسڵ، حکومەتی عێراق کۆتاییهاتنی داعشی لە وڵاتەکە راگەیاند، بەڵام شانە نوستووەکانی داعش ناوبەناو هێرشی چەکداریی و تەقینەوە ئەنجامدەدەن.