سەردێڕ:

ئەو چوار هۆکارەی رێگرن لەبەردەم ئازادکردنی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار چین؟

فۆتۆ: 
2021-04-06

7553 جار خوێندراوەتەوە

هەبوونی یەک سەرچاوە بۆ دیاریکردنی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار، جێگیرنەبوونی دۆخی ئابوری، پشت بەستن بە نەوت وەک تاکە سەرچاوەی داهات، هەبوونی گەندەڵی دارایی و ئابوری؛ چوار رێگری سەرەکین لەبەردەم عێراقدا تا بتوانێت نرخی دۆلار بەرامبەر دینار ئازادبکات.


لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ بانکی ناوەندی عێراق بە ئامانجی باشتر ئیدارەکردنی قەیرانی ئابوری بەهای دیناری بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەڕێژەی ٢٤٪ دابەزاند، بەمەش نرخی یەک دۆلار بۆ بانکە گشتییەکانی بە هەزار و ٤٦٠ دینار و بۆ بازاڕی ئاسایی بە هەزار و ٤٧٠ دینار دەستنیشان کرد، لەکاتێکدا پێشتر یەک دۆلار بە هەزار و ١٨٢ دیناربوو.

هاوکات، بەگوێرەی سندوقی نەختی نێودەوڵەتی لەساڵی ٢٠٢٠ ئابوری عێراق بە رێژەی ١١٪ توشی پاشەکشە و کورتهێنان بووە.

پسپۆڕانی ئابوری لەو باوەڕەدان، بەهۆی ئەوەی ٪٩٢ی داهاتی عێراق بەندە لەسەر داهاتە نەوتییەکان و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و زنجیرەنوێیەکەی کاریگەرییان لەسەر ئابوری هەبووە، ئەوا پەنابردنی عێراق بۆ پاڵپشتیکردنی دینار تا بەشێوەیەکی ئازاد و بەگوێرەی خواست و خستنەڕوو نرخی جێگیر بکات؛ هەنگاوێکە دروستە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئابوری عێراق لەبنەڕەتدا کشتوکاڵییە و نەوتیش وەک تاکە سەرچاوەی داهات پشتی پێدەبەستێت سودێکی بەرچاوی نابێت.

مەنار عوبەیدی شارەزای ئابوری ئەوەی خستووەتەڕوو، نەبوونی چەند سەرچاوەیەکی جیاواز لە دەستنیشانکردنی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار هۆکارە بۆ دەرکەوتنی نرخی ناجێگیری دۆلار و گرانبوونی پێداویستییەکان.

پێشبینی ئەوەشیکرد، بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستییەکان بەردەوام بێت و نرخی یەک دۆلاریش تا هەزار و ٥٠٠ دینار بەرزبێتەوە، بەڵام ئەگەر دۆخی ئابوری بوژانەوەی بەخۆی بینی دەکرێت بەهای دینار جارێکی دیکە بەرزبێتەوە.

لەلایەن خۆیەوە، ئوسامە تەمیمی شارەزای ئابوری رایگەیاند، ئازادکردنی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار پێویستی بە پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆیی و کەمکردنەوەی پشت بەستن بە هاوردەکردنی کاڵا و پێداویستی لەدەرەوە هەیە.






‌بەپەلە