سەردێڕ:

لە سەرەتای ٢٠٢١دا؛ عێراق گەورەترین هاوردەکاری کاڵای تورکیا بووە

فۆتۆ: 
2021-04-05

2036 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانی تورکیا رایگەیاند، لە سێ مانگی یەکەمی ٢٠٢١دا، عێراق بە بەهای ملیارێک و ٨٧٥ ملیۆن و ١١١ هەزار دۆلار پێداویستی لە وڵاتەکەیەوە هاوردەکردووە و بەمەش پلەی یەکەمی گرتووە.


وەزارەتی بازرگانی تورکیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماری قەبارەی هەناردەکردنی کاڵا و پێداویستی وڵاتەکەی بۆ وڵاتانی دراوسێ  و جیهان لە سێ مانگی یەکەمی ٢٠٢١ بڵاوکردووەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە سێ مانگی یەکەمدا بە بڕی ٥٠ ملیار دۆلار کاڵا و پێداویستی لە تورکیاوە هەناردەکراوە و لەو رێژەیەش  بە بڕی چوار ملیار و ٣٢٧ ملیۆن و ٨٥٨ دۆلار کاڵا هەناردەی وڵاتانی دراوسێی کراوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بوڵگاریا بە بەهای ٧٦ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دۆلار پلەی دووەم و یۆنان بە بەهای ٥٨٩ ملیۆن و ٨٨٤ هەزار دۆلار بە پلەی سێەم و ئێران بە بەهای  ٤٨١ ملیۆن دۆلار بە پلەی چوارەم و سوریا بە بەهای ٣٤٢ ملیۆن و ٥٣٦ هەزار بە پلەی پێنجەم و جۆرجیا بە بەهای ٢٩١ ملیۆن و ٨٨٤ هەزار دۆلار بە پلەی شەشەم دێت.

ئاماژەی بەوەشدا، بەرهەم و مادە کیمیاییەکان بە بەهای ٧٤٣ ملیۆن و ٨٨٩ هەزار دۆلار  پلەی یەکەمی هەناردەکردنیان گرتووە، هاوکات، دانەوێڵە و پاقلەمەنی و زەیت و بەرهەمەکانیان بە بەهای ٥٥٢ ملیۆن و ٧٨٩ هەزار دۆلار بە پلەی دووەم و فەرش وکاغەز و بەرهەمی دارستانەکان بە بەهای ٥٣٧ ملیۆن و ٦١٠ هەزار دۆلار بە پلەی سێیەم دێن.