سەردێڕ:

وەزیری بەرگری تورکیا: چاوەڕێی لە چالاکی خستنی تیرۆریستانی شنگال و مەخمورین

فۆتۆ: 
2021-04-03

3883 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، چاوەڕوانن ئەو چەکدارانەی لە شنگال و مەخمورن لە چالاکی بخرێن. دەشڵێت، "ئێمە بۆ وەدەرنانی پەکەکە دڵنیایمان داوەتە عێراق کە دەتوانین هەماهەنگییان لەگەڵدا بکەین."


خوڵوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، "چاوەڕوانین کاری پێویست بکرێت تا بە زووترین کات ئەو چەکدارانەی لە شنگال و مەخمورن لە چالاکی بخرێن."

راشیگەیاند، "سەربازەکانمان حەشارگەکانی ئەو چەکدارانەیان ھەڵتەکاندووە و ئۆپراسیۆنەکانمان بە بەهێزی بەردەوامن". وتیشی، "راپۆرتە هەواڵگرییەکانمان ئەوەیان دەرخستووە، کە ئەو چەکدارانە لە حاڵەتی ترسدان بەهۆی ئۆپراسیۆنەکانمانەوە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، دڵنیاییان داوەتە عێراق، کە ئامادەن بە تەواوی هەماهەنگیان لەگەڵدا بکەن تا پەکەکە لە وڵاتەکەیاندا وەدەربنێن.

لە رۆژی ١٠ی مانگی شوباتدا، وەزارەتی بەرگری تورکیا ئۆپراسیۆنی چنگی هەڵۆی ٢ی لە چیای گارە لە هەرێمی کوردستان راگەیاند، ‏کە تیایدا فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر و هێزێکی سەربازی، کە پێکهاتبوو لە دوو ‏هەزار و ٢٠٠ سەرباز بەشدارییان تێداکرد و دوای چوار رۆژ کۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنەکەی راگەیاند.

 

پێشتریش، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاندبوو، "شەوێک بە بێدەنگی دێینە شنگال."

لە مانگی رابردووشدا، مه‌حمود ئه‌عره‌جی فەرماندەى باڵای هێزەکانی حەشدی شەعبی رایگەیاند، هه‌ر هێرشێک بكرێته‌ سه‌ر شنگال ئاماده‌ن به‌رگری بكه‌ن و روبه‌ڕوی توركیا ببنه‌وه، چونکە تورکیا بە بیانوی شەڕ دژی پەکەکە دەیەوێت ئەو ناوچەیە داگیربکات.