سەردێڕ:

تورکیا بە رەوانەکردنی کۆچبەر بۆ سنورە ئاوییەکانی یۆنان تۆمەتبار دەکرێت

فۆتۆ: 
2021-04-03

960 جار خوێندراوەتەوە

یۆنان، تورکیا بە هەوڵدان بە رەوانەکردنی بەلەمی کۆچبەران بۆ کەناراوەکانی وڵاتەکەی تۆمەتباردەکات، ئەنقەڕەش رەتیدەکاتەوە.


نۆتیس میتاراچی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی یۆنان رایگەیاند، پۆلیسی کەناراوەکانی وڵاتەکەی لەدوێنێ هەینیدا، چەند حاڵەتێکی بەلەمی کۆچبەرانی پۆلیسی کەناراو و هێزی دەریایی تورکیایان تۆمارکردووە کە هەوڵیان داوە کۆچبەران بەرەو سنورە ئاوییەکانی یۆنان بگوازنەوە.

نۆتیس میتاراچی ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم هەنگاوەی تورکیا، ئاستی گرژییەکانی نێوانیان لەگەڵ وڵاتەکەی دەباتە قۆناغێکی دیکەوە."

میتاراچی باسی لەوەشکردووە، "گومان لەوەدا نییە کە ئەو کۆچبەرانە لە کەناراوەکانی تورکیاوە رەوانەکراون و تورکیاش هەموو پاڵپشتییەکی سەلامەتی و تەندروستی کردوون"، دەشڵێت، "داوا لە تورکیا دەکەین، کە ئەم هەنگاوە نابەرپرسیارانە و بەئەنقەستە رابگرێت."

لەوەڵامی قسەکانی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی یۆنانەوە، ئیسماعیل کاتاکلی جێگری وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تویتەری خۆی وتی، "قسەکانی دوورن لەراستییەوە و زانیارییەکانی هەڵەن"، باسی لەوەشكرد، یۆنان رێگری لە ٢٣١ پەنابەر کردووە و تورکیا رزگاری کردوون.

ئەمەش دوای ئەوەی، پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاند، دوێنێ هەینی؛ بەلەمێک کە ژمارەیەک پەنابەری هەڵگرتبوو، بەچاودێری کەشتی هێزی دەریایی تورکیا، ویستویەتی بچێتە سنوری ناوچە ئاوییەکانی یۆنانەوە، هەروەها لە رووداوێکی دیکەشدا، دوو کەشتی هێزی دەریایی تورکیا بە ژمارەیەک پەنابەرەوە، هەوڵی بەزاندنی سنوری ئاویی یۆنانیان داوە.

نزیکەی یەک ملیۆن پەنابەری سوری، عێراقی و ئەفغانی، لەرێگای بەلەمەوە و لەساڵی ٢٠١٥ەوە و لە دەستپێکی قەیرانی کۆچبەرانی بەردەم یەکێتی ئەوروپادا، چوونە خاکی تورکیاوە.

بەهۆی ناکۆکییەکان لە دیاریکردنی سنوری لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و هەوڵەکانی ئەنقەرە بۆ دۆزینەوەی نەوت و گاز لەو ناوچەیە، گرژی لە نێوان تورکیا لەگەڵ هەریەکە لە قوبرس و یۆنان هاتووەتە ئاراوە.

كێشەی توركیا لەگەڵ یۆنان و قوبرس لەمێژینەیە، ناوەناوە هەردوو وڵات ئارام دەبنەوە و هەندێکجاریش گرژییەكان دەگەنە ئاستێكی بەرز و خەریكە پێكدادانی لێ بكەوێتەوە، ماوەیەکە ئاڵۆزی زۆر پەیدابووە لەسەر ئەوەی توركیا دەستیكردووە بە دەرهێنانی غازی سروشتی لەسەر ئەو دوورگەیەی كە چەندین سەدەیە ململانێی لەسەر دەكەن، حكومەتی قوبرس و یۆنان و یەکێتی ئەوروپا بە گشتی ئەو هەوڵەی توركیا بە نایاسایی و پێشێلكاری دەزانن و هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بۆ رێگرتن لەو هەنگاوە.

لەدوای جیابوونەوە و سەربەخۆبوونی یۆنان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ساڵی ١٨٣٢دا، هیچ کاتێک پەیوەندییەکانی نێوان یۆنان و تورکیا جێگیر نەبووە، لە مێژووی خۆیاشیاندا چوار جار بەفەرمی شەڕیان بەرامبەر یەکدی کردووە.