سەردێڕ:

لە رۆژئاوای کوردستان ١٢٥ ئەندامی داعش دەستگیرکران

فۆتۆ: 
2021-04-02

1483 جار خوێندراوەتەوە

عەلی حەسەن، وتەبێژی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ١٢٥ ئەندامی داعش لە کەمپی هۆلدا دەستگیرکران کە هەندێکیان بەرپرسی شانە نوستووەکان و رووداوەکانی ناو کەمپەکە بوون.


ئاماژەی بەوەشدا، ئەو ئەندامانەی داعش تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی ٤٧ حاڵەتی کوشتن لەناو کەمپی هۆلدا.

ئەوەشی خستەڕوو، لەناو کەمپەکە چەندین جار هەوڵی راکردن دراوە لە رێگەی بریندارکردن و کوشتنی پاسەوانان و بە بەکارهێنانی چەقۆ و دەمانچەی بێدەنگ.

ئاشکراشیکرد، چەند چەکدارێکی داعش دزەیان کردووەتە ناو کەمپەکەوە و وەکو کەسانی مەدەنی خۆیان نیشانداوە.

چەند رۆژێک لەمەوبەر، مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) داوای لە وڵاتانی جیهان کرد لەپێناو باشترکردنی رەوشی ژیانی هاوڵاتیانی ناو کەمپەکە ئاستی یارمەتییە مرۆییەکانیان بەرزبکەنەوە.

کەمپی هۆل لە رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەیە و نزیکەی یەک کیلۆمەتر لە باشوری شارۆچکەی هۆلەوە دوورە، لە ئێستادا زیاتر لە ٦٨ هەزار ئاوارە و پەنابەری شارە جیاجیاکانی سوریا و خێزانەکانی داعش و پەنابەرانی عێراقی تێدا نیشتەجێکراون.






‌بەپەلە