سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. روسیا کەرەستەی قورسی سەربازی بردووەتە سنورەکانی ئۆکرانیا

فۆتۆ: 
2021-04-02

3460 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی جیهان ڤیدیۆی جوڵەپێکردنی سوپای روسیا بە کەرەستەی قورسی سەربازییەوە بۆ سنورەکانی ئۆکرانیا بڵاوکردەوە و بەرپرسانی وڵاتەکەش وەکو هەڕەشە لە خاکەکەیان لێکیدەدەنەوە.


ئەگەرچی ناکۆکییەکانی نێوان روسیا و ئۆکرانیا مێژووییە، بەڵام شارەزایان دەڵێن، ئەوە یەکەمجارە سوپای مۆسکۆ بەو شێوەیە و بە کەرەستەی قورسی سەربازییەوە لەو سنورەدا جوڵەی پێبکرێت.

لەوبارەیەوە، دیمێتری پیسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی کرملن-ی روسیا رایگەیاندووە، روسیا ماف و ئازادی جوڵەپێکردنی سەربازەکانی لە خاکەکەیدا هەیە و بەپێی پێویستی جوڵە بە سوپاکەی دەکات و نیشانەی هەڕەشەکردن لە هیچ کەس و لایەنێكیش نییە.

باسی لەوەشکردووە، "وڵاتەکەم هەڕەشە لە کەس ناکات، بەڵام دەرکەوتنی سوپای ئەمریکا لە ئۆکرانیادا قبوڵکراو و گونجاو نییە".

هەر ئەمڕۆ، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادمێر زیلیسنکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئەنجامداوە و پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ دووپاتکردووەتە و وتویەتی، "بە تەنیا جێتان ناهێڵین".

پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٤دا، شەڕ و پێکدادان لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا روویدا بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی دوورگەیەکی نێوانیان لەلایەن روسیاوە.