سەردێڕ:

عێراق و سوریا لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکان گفتوگۆیان کرد

فۆتۆ: 
2021-04-01

692 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەگەڵ وەزیری ئیدارە ناوخۆییەکان و ژینگەی سوری لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی هەردوولا بۆ زێدی خۆیان گفتوگۆیان کرد.


ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە سەردانێکی فەرمیدا بۆ دیمەشقی پایتەختی سوریا لەگەڵ حسێن مەخلوف وەزیری ئیدارە ناوخۆییەکان و ژینگەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

لە دیدارەکەدا، حسێن مەخلوف پێداگری حکومەتی سوریای لەبارەی دابینکردنی پێداویستی و ئاسایش و داواکاریی ئاوارە عێراقییەکان راگەیاند.

ئەوەشی خستەڕوو، هەر ئاوارەیەکی عێراقی ئارەزوی گەڕانەوەی هەیە بۆ سەر زێدی خۆی ئەوا حکومەتی سوریا هەموو ئاسانکارییەکی بۆ دەکات.

ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی سوریا چەند رێوشوێنێکی وەک دابینکردنی ژیانێکی شایستەی گرتووەتەبەر لەپێناو ئاسانکاری لە گەڕانەوەی ئاوارە سورییەکان لە عێراق بۆ خاکی وڵاتەکەیان.

 

لەلایەن خۆیەوە، ئیڤان فایەق جەختیکردەوە لەسەر قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکان و هاوکاری نێوان هەردوو وەزارەت بۆ گرتنەبەری هەر رێکارێک ئاسانکاری بکات لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ نیشتیمانی خۆیان.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و خۆپیشاندانەکانی سوریا و هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆی ئەو وڵاتە، بە سەدان هەزار هاوڵاتی ئاوارەبوون و لە عێراق نیشتەجێبوون. دواتریش، لەگەڵ دەرکەوتنی گروپی چەکداری داعش و دەستگرتن بەسەر یەک لەسەر پێنجی رووبەری خاکی عێراق سەدان هەزار هاوڵاتی ئاوارەبوون و بەشێکیان لە سوریا جێگیربوون.