سەردێڕ:

قوباد تاڵەبانی لەبارەی رێککەوتنی هەرێم و بەغداوە قسە بۆ ئێن ئاڕ تی دەکات

فۆتۆ: 
2021-03-19

19899 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى شاندی دانوستانکاری حکومەتى هەرێم رایگەیاند، لەسەر پشکى هەرێم لەگەڵ لایەنە شیعەکان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن.


ئەمڕۆ، شاندى هەرێم لەگەڵ لایەنە شیعەکان و سەرۆکایەتى پەرلەمان دواى کۆبوونەوەکەش قوباد تاڵەبانى سەرۆکى شاندی دانوستانکاری حکومەتى هەرێم باسى لەوەکرد، گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن، بەڵام تاکو دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساکە نەکرێت دڵنیانابنەوە لە رێککەوتن.

هەر ئەمڕۆ، کۆبوونەوەی شاندی هەرێم لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و نوێنەری فراکسیۆنە شیعەکان ئەنجامدرا، کە کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆکردن بوو لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١دا.

هاوکات، ئومێد محەمەد پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، تا ئێستا لە نێوان هەرێم و بەغدا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە، ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئێستادا شاندی هەرێم و لایەنە شیعەکان لەسەر دەقێک رێککەوتوون، بەڵام ناوەڕۆکەکەی ماوە کە بنوسرێتەوە.

باسی لەوەشکرد، کە ئەگەر هەرێم و شیعەکانیش لەسەر ئەو دەقە رێکبکەون، ئەوا رەوانەی لیژنەی دارایی دەکرێت تاوەکو ببێت بە جێگرەوەی دەقەکەی حکومەتی عێراق.

لای خۆشییەوە، ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە بەرامبەر تێپەڕاندنی پشکی کورد لە پرۆژەیاسای بودجەدا لایەنە شیعەکان شەش پێشنیازی نوێیان داوە بە هەرێم.

بەوتەی ئەحمەد سەفار لایەنە شیعەکان ئەم شەش پێشنیازەیان داوە بە هەرێم:

یه‌كه‌م: شایسته‌ داراییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا یه‌كلا بكرێنه‌وه‌ له‌ ٢٠٠٤ه‌وه‌ تا ٢٠٢٠.

دووه‌م: دوای جیاكردنه‌وه‌ی پشكی پێویست بۆ خه‌رجی و گواستنه‌وه‌ى ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە پێویستە ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل راده‌ستی سۆمۆ بكات.

- هه‌رێم پابه‌ند ده‌بێت به‌ راده‌ستكردنی داهاتی نا نه‌وتی به‌ بەغدا.

- لە بەرامبەر جێبەجێکردنى بڕگەکانى خاڵى دوودا، بەغدا پابه‌ند ده‌بێت به‌ پێدانی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم.

سێیه‌م: وه‌زاره‌تی دارایی له‌ سه‌ره‌تای ئەمساڵەوە قیسته‌كانی قه‌رزی په‌یوه‌ست به‌ هه‌رێم له‌ بانكی بازرگانی عێراق داده‌نێت.

چواره‌م: هه‌رێم پابه‌ند ده‌كرێت به‌ پێدانی زانیاری له‌ باره‌ی میلاكاتی مه‌ده‌نی و سه‌ربازی بە بەغدا.

پێنجه‌م: بەغدا پله‌ی وه‌زیفی فه‌رمانگه‌كانی ره‌گه‌زنامه‌، باری شارستانی به‌نداو و كه‌شناسی دەگوازێتەوە سەر وه‌زاره‌تی دارایی.

شه‌شه‌م: هه‌رێم پابه‌ند ده‌كرێت به‌ خه‌رجكردنی شایسته‌ی دارایی و موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌و پشكه‌ی بۆ هه‌رێم بڕیاری لێدراوه‌.

 

ماوەی زیاتر لە سێ مانگە هەرێم و بەغدا لە پەیوەندیدان بۆ رێککەوتن لەسەر پرۆژەیاسای بودجە و تاوەکو ئێستاش ١٧ جار شاندی هەرێم سەردانی بەغدای کردووە، سەرەڕای ئەوەی چەند جارێک گەیشتن بە رێککەوتنیان راگەیاندووە، بەڵام هێشتا هیچ رێککەوتنێکیان واژۆنەکردووە و لە ئێستاشدا چەند کاتژمێرێکی کەم ماوە بۆ تێپەڕاندنی بودجە لە پەرلەمان.

بەشێکی پەرلەمانتاران پێیان وایە، کە بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەرێم چیتر پێوستی بە بەغدا نییە، بەڵام بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی لە بەغداوە رایگەیاند، کە ئەگەر نرخی نەوت بگاتە ١٥٠ دۆلاریش ئەوان لە بەغدا بێمنەت نین.