سەردێڕ:

پەروەردەی سلێمانی لەبارەی تەقەکردن بەسەر خوێندکاراندا روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2021-03-18

7024 جار خوێندراوەتەوە

جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، "بە هیچ جۆرێک تەقە بەسەر خۆپیشاندەراندا نەکراوە، بەڵکو خوێندکارێک خۆی بە بۆکس لە پەنجەرەی بینای پەروەردەی داوە و دەستی بریندار بووە".


عومەر محەمەد ئەمین جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی باسی لەوەشکرد، یاداشتی خوێندکارانی ناڕازیان وەرگرتووە و ناردوویانە بۆ وەزارەت و پێداچونەوەی بۆ دەکرێت.

جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی دەربارەی تاقیکردنەوەکانیش، ئاماژەی بەوەکرد "بڕیادراوە تاقیکردنەوەکان لە بری ئەوەی رۆژە نا رۆژێک ئەنجامبدرێت، هەفتەی دوو رۆژدەبێت".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەسەر داوای خوێندکاران وەزارەتی پەروەردە بڕیاریداوە لیژنەیەک پێکبهێنێت بۆ کەمکردنەوەی مەنهەج، دەشڵێت، بڕیاریشدراوە تاقیکرنەوەکانی ئەم وەرزەی خوێندن بۆ ١٠ی ٤ دوابخرێت، " بەوەش سێ لە داواکارییەکانی خوێندکاران جێبەجێکراوە". 

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ بۆ چوارەم رۆژ لەسەریەک خوێندکارانى پۆلی ١٢ی ئامادەیى لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى سلێمانى گردبوونەوە، بەڵام بە گوێرەی گرتە ڤیدیۆییەک کە بۆ ئێن ئاڕ تی نێردرابوو تەقە لە خوێندکاران کرا بەو هۆیەوە گردبوونەوەکە گرژى تێکەوت.