سەردێڕ:

لەبارەی رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکوک روونکردنەوە دەدرێت

ئایا بارەگاکانی پارتی لە کەرکوک رادەست دەکرێتەوە؟
فۆتۆ: 
2021-03-15

7099 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی ئەمڕۆ دژی رادەستکردنەوەی بارەگای پارتی لە کەرکوک خۆپیشاندان بەڕێوەچوو، بەرپرسانی ئەمنی شارەکە بڕیاریاندا بارەگاکان رادەستنەکەنەوە، بەوهۆیەشەوە، خۆپیشاندەرانیش کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکەیان هێنا.


دیار محەمەد پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکوک و فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی دیکەی ئەمنی شارەکە کۆبوونەتەوە و گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی بارەگای پێشووی پارتی لەو شارەدا رادەستنەکەنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، هەر دوای ئەو بڕیارەش خۆپیشاندەران بڕیاریاندا کۆتایی بە خۆپیشاندانەکەیان بهێنن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ، بەشێک لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە شاری کەرکوک بەهۆی رادەستکردنەوەی بارەگاکەیان بە پارتی خۆپیشاندانیان کرد و رێگای سەرەکی کەرکوک – هەولێریان داخست.

دواتریش، بەرپرسێکی پارتی لە کەرکووک وتبووی، هەندێک لایەنی سیاسی خۆپێشاندانەکەیان رێکخستووە بۆ ئەوەی رەوشی کەرکوک ئاسایی نەکرێتەوە.

 

ئەوەش دوای ئەوەدێت، لە پاش ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠١٧وە، پارتی دیموکراتی کوردستان سنوری كەركوكی بەجێهیشت و لەو كاتەشەوە تاوەكو ئێستا چەندین جار هەوڵیداوە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، بەڵام بە بیانووی نەبوونی ئارامی و رێگەنەدان هێشتا نەگەڕاوەتەوە.