سەردێڕ:

لەبارەى دۆخی تەندروستى ئۆجەلانەوە روونکردنەوە دەدرێت

فۆتۆ: 
2021-03-15

5997 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد ئۆجەلان رایگەیاند، نزیكەی ساڵێكە هیچ زانیارییەكیان لەبارەی دۆخی تەندروستی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە نییە لە زینداندا.


محەمەد ئۆجەلان لەسەر ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی دۆخی تەندروستی عەبدوڵا ئۆجەلانی برایەوە بڵاوكراونەتەوە بە ئاژانسی میزۆپۆتامیاى راگەیاندووە، لە ٣ ئازاری ساڵى ٢٠٢٠ەوە ‌و لە دوای رووداوی ئاگركەوتنەوەكەی دورگەی ئیمراڵییەوە چاوی بە ئۆجەلان نەکەتووە و هیچ زانیارییەكیان لەبارەیەوە، پێنەگەیشتووە ‌و ئەوە بەرپرسیارێتی دەوڵەتە ‌و پێویستە لە وەها دۆخێكدا ئاگاداریان بكاتەوە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، دەسەڵاتدارانى تورکیا هیچ زانیارییەكیان نادەنێ‌ لەبارەی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە ‌و کاتێکیش لە رێی پارێزەركانیشەوە داوای دیدار ‌و زانیاری دەكەن، هیچ وەڵامێكیان نەداونەتەوە.

هاوکات، هەر ئەمڕۆ، نوسینگەی یاسایی پارێزەرانی سەدە، لەسەر ئەو دەنگۆیانەی لە شەوی رابردووەوە لەسەر دۆخی تەندروستى عەبدوڵا ئۆجەلانەوە بڵاوکراونەتەوە، داواكاریی دیداری بەپەلەیان پێشكەشی داواکاری گشتی بورسا كرد.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە دوێنێوە دەنگۆى تێکچونى دۆخى تەندروستی عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاوکراوەتەوە و تا ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی لەوبارەیەوە هیچ زانیارییەکی نەخستووەتەڕوو.

 

عەبدوڵا ئۆجەلان؛ کە ناسراوە بە ئاپۆ، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان و لە ساڵی ١٩٩٩وە لەلایەن تورکیاوە دەستگیرکراوە و نزیکەی ٢١ ساڵە لە زیندانی ئەو وڵاتەدایە.