سەردێڕ:

دوایین زانیارییەکان لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقەوە

فۆتۆ: 
2021-03-15

5360 جار خوێندراوەتەوە

کۆبوونەوەى پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای دادگاى فیدراڵى بۆ کاتژمێر ٧ی ئێوارەى ئەمڕۆ دواخرا.


فه‌رمانگه‌ی راگه‌یاندنی پەرلەمانی عێراق له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، خشته‌ی دانیشتنه‌كه‌ی رۆژى ١٥ى ئەم مانگە تایبه‌ت ده‌بێت به‌ ده‌نگدان و ته‌واوكردنی پرۆژه‌یاسای دادگای فیدڕاڵیی، کە تا ئێستا لە کۆى ٢٤ ماددە سێ ماددەى ماوە دەنگى لەسەر بدرێت، بەڵام لە کاتژمێر ١١ کە بۆى دیاریکرابوو نەتوانرا ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت.

لەوبارەیەوە، ئومێد محەمەد پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و لیژنەی یاسایی پەرلەمان و سەرۆک فراکسیۆنەکان پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان، لەسەر پرۆژه‌یاسای دادگای فیدڕاڵی کۆببنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ کۆبوونەوە، بەڵام نەگەیشتن بە رێککەوتن.

باسى لەوەشکرد، فراکسیۆنى سائیرونی سەر بە موقتەدا سەدر پێداگرن، ئەو یاسایە بە خواستى ئەوان و بەبێ رێککەوتنى پشک پشکێنە تێپەڕێنرێت و لایەنە شیعەکانى دیکەش، دەیانەوێت بەشێوەى رێککەوتنى لایەنەکان ئەو پرۆژەیاسایە تێپەڕێنرێت.

 

هاوکات، بەشێک لە لایەنەکانى عێراق دەڵێن، دەبێت پرۆژەیاسای دادگاى فیدراڵى بە زوویی تێپەڕینرێنت چونکە هەڵبژاردنى پێشوەختیان لەپێشە، تەنانەت باس لەوەشدەکەن، دەبێت پێش بودجەى ٢٠٢١ دەنگی لەسەر بدرێت، لە ئێستاشدا ئەو یاسایە لەکۆى ٢٤ ماددە هەریەک لە ماددەکانى دوو و سێ و ١٢ ماون دەنگیان لەسەر بدرێت.