سەردێڕ:

هاوپەیمانی فەتح: حکومەتی هەرێم نیازی رێککەوتنی نییە و مەرجی نوێی هەیە

فۆتۆ: 
2021-03-15

8381 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان مەرجی نوێی هەیە و نیازی رێککەوتنی نییە لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە، ئەوەش گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر.


حامید موسەوی ئەندامی هاوپەیمانی فەتح راگەیاندووە، حكومەتی هەرێم مەرجی نوێی هەیە ئەوەش گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر، هەرێم داوای دامەزراندنی كۆمپانیایەک دەکات لەجیاتی سۆمۆ، کە سەرجەم پێكهاتەكان تیایدا بەشداربن هەربۆیە حكومەتی هەرێم نیازی رێككەوتنی نییە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، مەرجی دامەزراندنی کۆمپانیایەکى نوێ دژی سیستەمی دیموکراسییە، چونکە ناکرێت حزبەکانی هەرێم پشکیان هەبێت لە دامەزراوەیەکی گرنگی دەوڵەتدا.

پێشتر، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاندبوو، "هیچ پێشنیازێکی بە دیل بۆ ئەو پێشنیازە نییە کە حکومەتی عێراق خستوویەتیە ناو بودجەوە."

قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکردبوو، "گفتوگۆ لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئەو رێککەوتنەوە بەردەوامە و تا ئێستا هیچ پێشنیازێکی بەدیل بۆ ئەو پێشنیازە نییە کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە خراوەتە ناو پرۆژەی بودجەوە."

 

ئەمە لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی فەرمی لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا نییە. لەوبارەیەوە، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران داوای کۆبوونەوە و گفتوگۆی لایەنە ناکۆکەکانی کردبوو.