سەردێڕ:

لەبارەی کۆتاییهێنان بە خوێندنی ئەمساڵ روونکردنەوە دەدرێت

فۆتۆ: 
2021-03-14

169839 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی کەرەنتینەکردنی نیمچەیی و شکستهێنانی خوێندنی ئەلیکترۆنییەوە، لیژنەکەیان پشتیوانی لە کۆتایپێهێنانی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٠ – ٢٠٢١ دەکات پاش ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی نیوەی ساڵ.


عەباس زاملی ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی فەرمی سەباح ئاشکرایکرد، لیژنەکەیان داوایکردووە لە چەند رۆژی داهاتوودا تاقیکردنەوەکانی نیوەی ساڵ و کۆرسی یەکەم ئەنجامبدرێن.

راشیگەیاند، بەهۆی ئەوەی کە وەزارەت بەرچاوڕوون نییە لە داهاتوودا چی دەبێت بەهۆی کۆرۆناوە و شکستهێنانی خوێندنی ئەلیکترۆنی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی دوورخستنەوەی خوێندکاران لەیەکتر، لیژنەکەیان ناچاربووە ئەم پێشنیازە بخاتەڕوو.

ئەوەشی خستەڕوو، ساڵی خوێندن بەگوێرەی ساڵنامەی وەزارەتی پەروەردە دوو مانگی ماوە، ئەمەش کاتێکی زۆر نییە، گرنگ ئەوەیە خوێندکاران ماوەیەکی باش وانەیان خوێندووە، لە ئێستادا ئەوەی گرنگە نمرەی کۆتاییان هەبێت.

دەشڵێت، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە وەزارەتی تەندروستی ئامادەکاری بکات و رێکاری پێویست بگرێتەبەر لەپێناو سەرکەوتنی تاقیکردنەوەکان.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە هەرێمی کوردستان لە ١٦ی کانوونی دووەم خوێندنی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی دەستیپێکردەوە و لە ٣ی شوبات بەشێوەیەکی ئەزموونی خوێندن بۆ ماوەی ١٦ رۆژ لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن دەستیپێکردەوە، لە ئێستاشدا بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستییەوە بڕیاردراوە بە راگرتنی دەوامی سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنی قوتابخانەکان لە ١٢ی مانگەوە تا ٢٥ مانگ جگە لە پۆلی ١٢ ئامادەیی.