سەردێڕ:

تەندروستی عێراق لەبارەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی کۆرۆنا بۆ ئێن ئاڕ تی دەدوێت

فۆتۆ: 
2021-03-13

3251 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سندوقێک داندراوە کە وەزارەتی دارایی سەرپەرشتیدەکات بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی بەهۆی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆناوە زەرەرمەندبوون، هاوکات، دڵنیایدا کە هیچ کەس لەوانەی ڤاکسینی دژە کۆرۆنای سینۆرڤامی چینیان وەرگرتووە هیچ کاریگەری لاوەکیان لەسەر دەرنەکەوتووە.


حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ئێن ئاڕ تی ئاشکرایکرد، بەهۆی ئەوەی پەتای کۆرۆنا دۆخێکی کتوپڕ بوو، بۆیە بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکەش کتوپڕبوو، هەموو ئەو دەرمانانەی بۆ چارەسەرکردنی کۆرۆنا بەکاردەهێندرێن دەرمانی کتوپڕ و بەکارهێنانی کتوپڕن، بە هەمان شێوە هێنان و پێدانی ڤاکسینەکانیش کتوپڕن هەربۆیە کۆمپانیاکان داوای پارێزبەندیان کردووە.

راشیگەیاند، پەرلەمان رێگەیداوە سندوقێک پێکبهێندرێت و لەلایەن وەزارەتی داراییەوە پارەی بۆ دابین بکرێت، بۆئەوەی هەموو ئەو کەسانەی زیانیان بەردەکەوێت قەرەبوو بکرێنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەکی هونەری پێکهێناوە بۆ دەستنیشانکردنی جۆری ئەو زیانەی بەرکەسەکە کەوتووە و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و فەرمانگەی یاسایی لە ئەمانەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران لە رێگەی ئەم سندوقەوە قەرەبوو دەکرێتەوە.

لەبارەی ڤاکسینە چینیەکەوە تەمیمی رایگەیاند،  ماوەی ١٢ رۆژە دەستمان کردووە بە پێدانی و دابەشکردنی ڤاکسینەکە و تا ئێستا هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە کاریگەری لاوەکی لەسەر کەسەکان دروست کردبێت، وتیشی، لەسەر تاسەری جیهاندا ڤاکسینەکان بۆ هەموو جۆر و زنجیرەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکاردێت.

باسی لەوەشکرد، توشبوون بە کۆرۆنا پێنج هەزار کەسی تێپەڕاندووە، ئەگەر کەرەنتینەی نیمچەییمان رانەگەیاندایە ئەوە ژمارەی تووشبوان زیاتر هەڵدەکشا، بەو هۆیەشەوە رێژەی مردن دابەزیوە، بەشێوەیەک لە مانگی شوبات و ئازاری ٢٠٢٠دا بەرێژەی ١٧%  گیان لەدەستدان تۆمارکراوە، بەڵام پاش ئەوەی ژێرخانی تنەدروستیمان باشتربوو بۆ ٨.١% دابەزی.

دەشڵێت، هێشتا بەهۆی ئەوەی ژمارەی توشبوون و گیان لەدەستدان لە وڵاتانی دراوسێی وەک ئێران و سوریا و تورکیا بەرزە و بەردەوام هاوڵاتی عێراقیش سەردانی ئەو وڵاتانەدەکەن، پێویستە زیاتر پابەندی رێکارە خۆپارێزییەکان بن چونکە هێشتا مەترسییەکان ماون.