سەردێڕ:

روسیا و تورکیا کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی ئەتۆمی بونیاد دەنێن

فۆتۆ: 
2021-03-12

2347 جار خوێندراوەتەوە

لە باشوری شاری مێرسیندا، تورکیا و روسیا بناغەی سێهەم کارگەی بەرهەمهێنانی ئەتۆمییان لە کێڵگەی بەرهەمهێنانی ئەتۆمی تورکیایان بە ناوی "ئەککیو" دانا. ​


لە رێورەسمێکدا، کە تیایدا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و ڤلادمێر پوتنی سەرۆکی روسیا لە رێگای ئۆنلاینەوە بەشداربوون، بناغەی سێیەم کارگەی بەرهەمهێنانی لە کێڵگەی بەرهەممهێنانی ئەتۆمی "ئاککیو"یان لە تورکیا دامەزراند.

بەگوێرەی زانیارییەکان، چاوەڕێ دەکرێت کارگەی یەکەمی کێڵگەی ئەتۆمی "ئاککیو" لە ساڵی ٢٠٢٣دا  ولەدوای تێپەڕبوونی سەدەیەک بەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیادا بکەوێتە کار، یەکەکانی دیکەش لەساڵی ٢٠٢٦دا دەستبەکارکردن بکەن.

بونیادنانی کێڵگەی ئەتۆمی هاوبەشی تورکیا و روسیا بۆ ساڵی  ٢٠١٨ دەگەڕێتەوە، لەکاتێکدا هەشت ساڵ بەر لەو بەروارە هەردوو وڵات رێککەوتنێکیان بۆ کاری پێکەوەیی حکوومەتیی واژۆکردبوو.

پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ووزەی "رۆساتۆم"ی روسییەوە جێبەجێدەکرێت، لەکاتێکدا خودی پرۆژەکە و کێڵگە ئەتۆمییەکە لەلایەن کۆمپانیای "ئاککیو"ی تورکی خاوەندارێتی دەکرێت و مۆڵەتی پێدراوە.

لەدوای تەواوبوونی پرۆژەکەش، پێشبینی دەکرێت کێڵگەی "ئاککیو" بۆ بەرهەمهێنانی ئەتۆمی؛ ساڵانە ٣٥ ملیار کیلۆوات کاتژمێر کارەبا بەرهەمبهێنێت، ئەمەش دەکاتە رێژەی ١٠%ی تەواوی کارەبای تورکیا و پرۆژە خزمەتگوزارییەکەش تا ٥٠ ساڵ بەردەوام دەبێت.

پرۆژەی "ئاککیو" بۆ بەرهەمهێنانی ئەتۆمی، یەکەم پرۆژەی بەرهەمهێنانی ئەتۆمییە لەلایەن تورکیاوە بەڵام دووەم پرۆژەی هاوشێوەیە لە دەریای رەشدا، کە پرۆژەیەکی هاوشێوە لە پارێزگای سینۆپی نزیک دەریای رەش بوونی هەیە و پێشتر و لەساڵی ٢٠١٣دا، لەنێوان تورکیا و کۆمپانیای "میستەبوشی" یابانییەوە رێککەوتنی لەسەر کرا و دواتر یابان لە پرۆژەکە کشایەوە، پێشبینیش دەکرێت ئەمساڵ دەست بە پرۆژەکە بکرێتەوە ئەگەر تورکیا هاوبەشێکی دیکە بدۆزێتەوە.

تورکیا؛ سێیەم وڵاتی ناتۆیە و ماوەی چەند ساڵێکیشە لە هەوڵی فراوانکردنی توانای وڵاتەکەیەتی لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی و لەو پێناوەشدا، پرۆسەی گەڕان و پشکنینی لە دەریای رەش و دەریای سپی ناوەڕاست دەستپێکردووە و پرۆژەی بەرهەمهێنانی گازی تیادا بونیادناوە.