سەردێڕ:

کاتی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ی عێراق دیاریکرا

فۆتۆ: 
2021-03-08

11465 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لەسەر داوای یوسف کلابی پەرلەمانتار و بە واژۆی ١٥٠ پەرلەمانتار سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا بەوەی رۆژی دووشەممەی داهاتوو، دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە بخرێتە خشتەی کاری دانیشتنی پەرلەمانەوە.


ئومێد محەمەد پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، کە لەسەر داوای یوسف کەلابی پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق و واژۆی ١٥٠ پەرلەمانتار، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا بەوەی کە رۆژی دووشەممەی داهاتوو پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمانەوە و دەنگی لەسەر بدرێت.

پێشتر، جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە میدیاکانى پارتى راگەیاند، "ئێمە وەک حکومەتى هەرێم لەگەڵ حکومەتى عێراق لەبارەى بودجەوە پێشتر رێککەوتوین لەو رێککەوتنەشدا بڕگەیەکى تێداییە، کە هەرێم ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستى بەغدا بکات یان داهاتى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت و نیوەى داهاتى ناوخۆ بداتە بەغدا."


ئەوەش لەكاتێكدایە، لە ماوەی رابردوودا، شاندی هەرێم بۆ "شانزەیەمین" جار سەردانی بەغدایان كردووە و لەگەڵ بەرپرسانی حكومی و حزبیدا كۆبوونەتەوە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەدا یەكلابكرێتەوە.