سەردێڕ:

پاپا فرانسیس بۆ یەکەمجار باسی سیستانی دەکات

فۆتۆ: 
2021-03-08

26273 جار خوێندراوەتەوە

پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان لەکاتی گەڕانەوەیدا بۆ ڤاتیکان ئاشکرایکرد، لەسەردانەکەیدا بۆ عێراق دیمەنی روخاوی کڵێسا و مزگەوتێک لە تەنیشت یەک لە شاری موسڵ سەرسامی کردووە و دەڵێت، "دڕەندەیی مرۆڤ جێگەی بڕوا نییە"، هاوکات، عەلی سیستانی بە "پیاوی خودا" وەسف دەکات.


ماڵپەڕی فەرمی ڤاتیكان بڵاویکردەوە، پاپا فرانسیس لە چوارچێوەی کۆنفرانسێکی هەواڵیدا لە ناو ئەو فڕۆکەیەی پێی گەڕایەوە بۆ ڤاتیکان ئاشکرایکرد، پێش هاتنی بۆ عێراق كتێبێكی نادیا مورادی لەبارەی خەموژانی ئێزیدییەكان خوێندووەتەوە. 

راشیگەیاند، هەر ئەوەش هانیداوە سەردانی عێراق بكات كە لەهەموو سەردانەكان زیاتر ماندووی كردووە.

لەبارەی دیداری عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لەنەجەف، پاپا فرانسیس ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ ئەنجامدانی حەج و تەوبەکەیدا، لەکاتی دایداری سیستانیدا هەستی كردووە پێویستە پیاوێكی حەكیم ببینێت كە "پیاوی خودا" یە، ئەویش بەرێزەوە لەگەڵیدا مامەڵەی كردووە. 

هاوکات، ئاشکرایکرد، چاوەڕێی بینینی ئەو دیمەنە وێرانكارییە نەبووە لە موسڵ و كاریگەربووە بەوەی لەیەك كاتدا كڵێسا و مزگەوتی وێرانکراوی دیوە، دەشڵێت، "دڕەندەیی مرۆڤ جێگەی بڕوا نییە."   

ئەوەشی خستەڕوو، کە بەڵێنی بە بشارە راعی سەرۆکی کڵێسای لوبنان داوە سەردانی ئەو وڵاتە بکات كە "قەیرانی ژیان"ی هەیە و هاوکات بەخشندەیە لە داڵدەدانی پەنابەران و ئاوارەکان.

لە رۆژی ٥ی ئەم مانگەدا بە سەردانێکی مێژوویی پاپای ڤاتیکان بۆ یەکەمجار گەیشتە عێراق و لەمیانی سەردانەکەیدا چەند شوێنێکی وڵاتەکەی بەسەرکردەوە، لەوانەش شاری ئوری مێژوویی.