سەردێڕ:

راگەیاندراوێک لە ئەوقافی هەرێمەوە لەبارەی سزاى ئەو کەسانەی دژایەتى سەردانەکەى پاپا دەکەن

فۆتۆ: 
2021-03-06

19306 جار خوێندراوەتەوە

وه‌زاره‌تی ئه‌وقافى هەرێم رایگەیاند، ئەو دەنگۆىانەی باس لەوەدەکات، کە گوایە وەزیری ئەوقافی هەرێم وتوویەتی رێکاری یاسایی بەرامبەر ئه‌و که‌سانە دەگیرێتەبەر دژی هاتنی پاپای ڤاتیکانن، دووره له راستیەوە.


وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و کاروباری ئایینی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە راگەیەدراوێکدا بڵاویکردەوە، "له چه‌ند په‌یجێک دوور له پره‌نسیب و بنه‌ماکانی راگه‌یاندن و کاری رۆژنامەوانی هه‌واڵیکی نادروست بڵاوکراوه‌ته‌وه که گوایه پشتیوان سادق وه‌زیری ئه‌وقاف وتویه‌تی رێکاری یاسایی دژی ئه‌و که‌سانه ده‌گرینە بەر دژی هاتنی پاپای ڤاتیکانن، لێرەوە رایدەگەیەنین ئه‌م هه‌واڵە سه‌ر له‌به‌ری دووره له راستی و ئامانجیان دروستکردنی ئاژاوه و بڵاوکردنه‌وه‌ی رق و کینه‌یه."

ئاماژەبەوەشکراوە، "بڵاوکردنەوەى ئەو هەواڵە به مه‌به‌ستی ناشیرینکردنی ره‌وشی پێکه‌وه‌ژیانە له کوردستان و بە پێچەوانەوە و رێکاری یاسایی دژی ئەوانە دەگرینەبەر کە هەواڵی ناراست و بێ بنەما بڵاودەکەنەوە بۆ مەبەستی تایبەت."

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دەنگۆى ئەوە بڵاوکرایەوە کە پشتیوان سادق وەزیرى ئەوقافى هەرێم رایگەیاندووە، سزاى ئەو کەسانە دەدەن کە دژایەتى سەردانەکەى پاپاى ڤاتیکانى کردووە بۆ هەرێمى کوردستان.