سەردێڕ:

پارێزگای هەولێر لەبارەی بازگەکانی هەولێرەوە روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2021-03-06

10550 جار خوێندراوەتەوە

نوسینگەی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، سبەینێ یەکشەممە بازگەکانی پارێزگای هەولێر بە داخراوی دەمێننەوە لەگەڵ پارێزگای کەرکوک و موسڵدا و داواش لە هاوڵاتیانی هەولێر دەکات، کە سبەینێ پاپا دەگاتە هەولێر هاوکاری پۆلیسی هاتوچۆ بکەن و وێنەیەکی جوانی پایتەخت نیشانی جیهان بدەن.


دەقی راگەیاندراوەکەی پارێزگای هەولێر:

١.ئاگاداری سەرجەم هاوڵاتییان دەکەینەوە، بەیانی ڕۆژی یەکشەمە ٧ی ٣ی ٢٠٢١، بازگەکانی پارێزگای هەولێر لەگەڵ پارێزگاکانی موسڵ و کەرکوک بە داخراو دەمێنەوە.  

٢.وێڕای داوای لێبوردن لە هاوڵاتییان و شوفێرانی شارەکەمان، بەهۆی هاتنی قەداسەتی پاپا فرانسیس و پێشوازیکردن لەبەڕێزیان لەشاری هەولێر، داواکارین لەبەشێک لە شەقامە گشتییەکانی هەولێری پایتەخت هاوکاری پۆلیسی هاتوچۆ بکەن و وەک هەمیشە وێنەی جوان و سەردەمیانەی پایتەخت لە میوانداری و میوان دۆستیدا نیشانی جیهان بدەن، هاوکارییتان مایەی سوپاس و رێزە. 

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەپێی بڕیاری لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنای هەرێم، بڕیاردرابوو بەوەی تەنها لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی و شەممەدا بازگەکانی نێوان هەرێم و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بە داخراوی بمێننەوە.

سبەینێش ٧ی ئازار، بڕیارە پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان بگاتە هەولێر و لە هەولێرەوە سەردانی موسڵ بکات، پاشان بگەڕێتەوە و لە یاریگای فرانسۆ حەریری مەراسیمێکی بۆ سازبکرێت.