سەردێڕ:

حکومەتی هەرێم لەبارەی رێککەوتنی هەرێم و بەغداوە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2021-03-06

22835 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی هەرێم راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، کە حكومەتی هەرێم هەموو ژمارە و داتاكانی تایبەت بە داهات و خەرجی نەوتی و نانەوتی و تۆماری بایۆمەتری موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی پێشكەش بە بەغدا كردووە.


جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "حكومەتی هەرێم بە نوسراوی ژمارە (٧-تایبەت) لە ١ی شوباتی ٢٠٢١، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە لە هەموو وردەكارییەكانی پەیوەست بە پرۆسە و داهات وخەرجییەکانی نەوتی (پشتبەست بە راپۆرتی وردبینی و پێداچوونەوەی كۆمپانیای دیلۆیتی نێودەوڵەتیی) سەرەڕای ناردنی ژمارەکانی پەیوەست بە سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتی و دەروازە سنوریەکان و بڕی داھاتەکانیان بە پشتبەستن بە بەیانی دارایی ساڵانەی وەزارەتی دارایی و ئابوری ھەرێم، سەرەڕای ناردنی خشتەی ژمارە و زانیاری تایبەت بە موچەخۆرانی ھەرێم، پشتبەست بە پڕۆگرامی تۆماری بایۆمەتری."

ئاماژە بەوەشکراوە، "لە کاتێکدا پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١، لە دوایین قۆناخەکانییەتی، دوای گفتوگۆیەکی زۆر لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، حکومەتی هەرێم پابەندبوونی خۆی بە گشت پابەندییەکانی دووپاتدەکاتەوە و بڕوای بە شەفافیەت هەیە وەک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتدا هاتووە."

جوتیار عادل نووسیوشییەتی، "حكومەتی هەرێم، هەمیشە جەخت لەسەر پابەندبوون بە پڕەنسیپی شەفافیەت دەكاتەوە لەبارەی ئاشكراكردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی خۆی بۆ رای گشتی و حکومەتی فیدڕاڵ"، دەشڵێت، "تاوەکو ئێستاش بە نووسراوی فەرمی وەڵامی وردی هەموو پرسیارەکانی ھەردوو وەزارەتی دارایی و نەوتی عێراق و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دراوەتەوە."

وتەبێژی حکومەت دەشڵێت، "ھەرێم جارێکی تر، ئامادەیی خۆی دووپاتدەكاتەوە بۆ روونكردنەوەی هەر پرسیارێكی دیکەی پەیوەست بەم بابەتەوە، بۆلادانی هەموو ئەو تەمومژیانەی كاریگەریان بەسەر رێڕەوی لێكگەیشتن و رێككەوتنی نێوان هەردوولا دەبێت."

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە سێ مانگە حکومەتی هەرێم و بەغدا لە پەیوەندیدان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی پشکی هەرێم لە بەشەبودجەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراقدا و تاوەکو ئێستاش چەندین جار حکومەت گەیشتن بە رێککەوتنی راگەیاندووە، بەڵام هێشتا لە هەوڵی گەیشتندان بە رێککەوتن و ئەوەندەشی نەماوە بۆ تێەڕاندنی بودجەی ئەمساڵ لە پەرلەمانی عێراق.