بەرپرسێکی دەستەی ژنانی ئیدارەی خۆسەر لە رۆژهەڵات و باکوری سوریا ئاشکرایکرد، ١٢ منداڵیان گێڕاوەتەوە بۆ دایکە ئێزیدییەکانیان کە باوانیان لە چەکدارانی داعش بوون.
زەینەب ساروخان بەرپرس لە دەستەی ژنانی ئیدارەی خۆسەر لە رۆژهەڵات و باکوری سوریا بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاند، منداڵەکان تەمەنیان لە نێوان دوو بۆ پێنج ساڵدایە و باوانیان چەکداری داعش بوون و رادەستی دایکەکانیان کراونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، رۆژی پێنجشەممە ٤ی ئازار منداڵەکان رادەستی دایکیان کراونەتەوە و ئەمە یەکەمجارە ئەو کارە ئەنجامبدرێت.
دەشڵێت، ئەرکی دەسەڵاتدارانی کوردە لە ئیدارەی خۆسەر پارێزگاری لەو منداڵانە بکات و ژیانیان دابینبکات تا ئەو کاتەی دایکیان داوایان دەکەنەوە.
پاش ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٩ گروپی چەکداری داعش شکستیهێنا، دەیان ژنی دەست بەسەری ئێزدی رزگارکران کە رفێندرابوون و وەک جارییە مامەڵەیان لەگەڵ کراو کڕین و فرۆشتنیان پێوە کرابوو، بەڵام زۆرینەیان لەلایەن چەکدارەکانەوە ناچارکران لە منداڵەکانیان داببڕدرێن.
ئەمە لەکاتێکدایە، تا ئێستاش ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ئێزدی لای گروپی چەکداری داعش ماونەتەوە و رزگارنەکراون و چارەنوسیان نادیارە.