سەردێڕ:

سەدر و خەزعەلی هەڵوێستی خۆیان لەبارەی سەردانەکەی پاپا ئاشکراکرد

فۆتۆ: 
2021-03-05

44116 جار خوێندراوەتەوە

موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر لەبارەی سەردانەکەی پاپا فرانسیسەوە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیوویەتی، "بەخێربێیت پاپا فرانسیس"، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەقیش دەڵێت، خۆشحاڵن بە سەردانەکەی پاپا.


قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئاشکرایکرد، "بە ئەخلاقی ئیسلامیمان و نەریتی رەسەنایەتی عەرەبیمانەوە خۆشحاڵین بە سەردانەکەی پاپا فرانسیس".

دەشڵێت، بەخێربێی بۆ عێراقی گەورە لانکەی شارستانییەتەکان و مێژوو و خاکی پەیامبەران و پیاوچاکان، شاری دەنگی دادگەری مرۆڤایەتی، شاری ئەمیری باوەڕداران عەلی کوڕی ئەبی تالیب".

هاوکات، موقتەدا سەدر سەرکردەی رەوتی سەدر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر تەنها بە رستەی "بەخێربێیت پاپا فرانسیس" هەڵوێستی خۆی دەربڕیوە و هیچی تری ئاشکرا نەکردووە.

هەر ئەمڕۆ ئێران لەرێگەی تویتێکی ئەمیر عەبدولیهیان یاریدەدەری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە هەڵوێستی خۆی ئاشکراکرد و رایگەیاند، "پاپا فرەنسیس گەیشتە بەغدا، ئەگەر رۆڵ و گیانبەخشینی ئەبو مەهدی موهەندیس و لیوا قاسم سولەیمانی و شەهیدانی مەیدانی روبەڕوبوونەوەی داعش نەبووایە لە عێراق و ناوچەکە نەیدەتوانی ئەمڕۆ بە ئاسایش و دڵ ئارامیەوە بگاتە ئەو وڵاتە."

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ بەسەردانێکی فەرمی پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان گەیشتە فڕۆکەخانەی بەغدای نێودەوڵەتی و لەلایەن مستەفاکازمی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازی لێکراو دواتر لە کۆشکی سەلام لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراقەوە پێشوازی لێکرا و بڕیارە کە رۆژی ٧ی مانگ سەردانی هەولێر بکات.