سەردێڕ:

تەندروستی جیهانی پێشبینی خۆی بۆ کاتی کۆتاییهاتنی کۆرۆنا ئاشکراکرد

فۆتۆ: 
2021-03-05

82468 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی نوسینگەی هەرێمی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ئەوروپا ئاشکرایکرد، پێشبینیدەکرێت لە سەرەتاکانی ٢٠٢٢ کۆتایی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بێت.


ئەمڕۆ هەینی، هانز کلۆگ سەرۆکی نوسینگەی هەرێمی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ئەوروپا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی دی فیلتی ئەڵمانی رایگەیاند، "پێشبینیدەکەم ساڵی ٢٠٢١ کۆتا ساڵی ڤایرۆسی کۆرۆنا بێت، بەڵام دەتوانین پێشبینی زیاتر بکەین و باشتر بڕیاری لەسەر بدەین، چونکە بەرنامە و ئامێری دەستنیشانکردن و ڤاکسینمان لەبەردەستدایە".

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینیدەکرێت لە سەرەتای ٢٠٢٢ پەتای کۆرۆنا کۆتایی پێبێت، بەڵام ئەمە بەواتای ئەوە نییە کە بەتەواوەتی نامێنێت، بەڵکو ئومێد وایە هیچ کەس چی دیکە پێویستی بەوە نەبێت لە نەخۆشخانەکان بمێنێتەوە.

باسی لەوەشکرد، "ناکرێت ناوچەیەک ڤاکسین وەربگرێت و ناوچەیەکیش پشتگوێ بخرێت، هەروەکچۆن پێویستە وریابین لە هەڵگرتنی رێکارەکان، چونکە هەر دەست هەڵگرتنێکی کتوپڕ دوورنییە جارێکی دیکە نەمانباتەوە بۆ خاڵی سەرەتا".

دەشڵێت، پێدانی ڤاکسین بە هەموو مرۆڤایەتی پێویستی بە ئارامگرتن و لەسەرخۆیی هەیە، چونکە بەیەکجار ناتواندرێت ئەمە بکرێت، هاوکات، ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر چی رێکخراوی تەندروستی داوای نەکردووە پاسپۆرتی وەرگرتنی ڤاکسین بدرێت بە هیچ کەس، بەڵام لە هاویندا دەدرێت بە هاوڵاتیانی ئەوروپی.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە کانوونی دووەمی ٢٠١٩، یەکەم حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری وهانی پایتەختی هەرێمی هوبی لە وڵاتی چین تۆمارکرا و دواتر بە سەرتاسەری جیهاندا بڵاو بووەوە، بەهۆیەوە گەشتی نێوان وڵاتان و جموجوڵی بازرگانی پەکیان کەوت و نەوت نزمترین ئاستی نرخی تۆمارکرد.

جگە لەوەی تا ئێستا زیاتر لە  ١١٦ ملیۆن و ٣٧١ هەزار و ١٠٨ کەس توشی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش دوو ملیۆن و ٥٨٣ هەزار و ٩٨٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٩١ ملیۆن و ٩٩٩ هەزار و ٢٥٦ کەس چاکبوونەتەوە.