سەردێڕ:

سوپای پاسداران: هەوڵی رفاندنی فڕۆکەیەکمان پوچەڵکردەوە

فۆتۆ: 
2021-03-05

5998 جار خوێندراوەتەوە

‎ئاژانسی فەرمی ئێران رایگەیاند، سوپای پاسداران هەوڵی رفاندنی فڕۆکەیەکی ئێرانیان پوچەڵکردووەتەوە کە لە شاری ئەهوازەوە بەرەو شاری مەشهەد بەڕێکەوتبوو.


ئاژانسی فەرمی ئێران "IRNA" رایگەیاند، کە سوپای پاسداران ئاشکرایکردووە، نزیک کاتژمێر ١٠ی شەوی رابردوو، فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەی شاری ئەهوازەوە بەرەو شاری مەشهەد بەڕێکەوتووە، بەڵام پاش دەستپێکی گەشتەکە لەلایەن چەند کەسێکەوە هەوڵی ڕفاندنی فڕۆکەکە دراوە. 

ئاماژە بەوەشکراوە، هێزەکانی ئاسایشی ئاسمانی سەر بە سوپای پاسداران رێگرییان لە هەوڵی رفاندنەکە کردووە و فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی ئەسفەهان بە زوویی و لەناکاو نیشتووەتەوە. 

ئەوەش هاتووە، ئەو کەسانەی هەوڵی رفاندنی فڕۆکەکەیان داوە دەستبەسەرکراون، لەبارەی سەرنشینانی فڕۆکەکەشەوە ئاماژە بەوەکراوە، کە هیچکامیان زیانیان پێنەگەیشتووە و بە فڕۆکەیەکی دیکە رەوانەی شاری مەشهەد کراون. 

سوپای پاسداران رووینیشیکردووەتەوە، کە ئەو کەسانەی هەوڵی رفاندنی فڕۆکەکەیان دابوو ویستبوویان فڕۆکەکە ببەنە یەکێک لە وڵاتانی کەنداو، بەڵام هەوڵەکەیان پوچەڵکراوەتەوە، باس لەوەشکراوە، کە لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و بەردەوامن لەسەری.