سەردێڕ:

کۆسرەت رەسوڵ لە یادی راپەڕیندا: ئەو دروشمانەی لەپێناویدا خەباتمانکرد لەژێر مەترسیدان

فۆتۆ: 
2021-03-05

4749 جار خوێندراوەتەوە

کۆسرەت رەسوڵ عەلی بەبۆنەی یادی راپەڕین رایگەیاند، كوردستان بە دۆخێكی نەخوازراودا تێپەڕدەبێت و ململانێ شەخسی و حزبییەكان تەشەنەی سەندووە و كاریگەری خراپی كردووەتە سەر دۆخی كوردستان، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان وەك پێویست نییە، دەشڵێت، "ئەو دروشمانەی لەپێناویدا خەباتمان كرد لەژێر مەترسیدان."


کۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەبۆنەی یادی راپەڕین و تێپەڕینی ٣٠ ساڵ بەسەر راپەڕیندا پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و لەپاڵ پیرۆزباییشدا دەڵێت، "لەسایەی راپەڕینی جەماوەرییەوە خاوەنی كۆمەڵێك دەستكەوتین و پاراستنیان ئەركی لەپێشینەی هەموومانە، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ كوردستان بە دۆخێكی نەخوازراودا تێپەڕدەبێت و ململانێ شەخسی و حزبییەكان تەشەنەی سەندووە و كاریگەری خراپی كردووەتە سەر دۆخی كوردستان، خزمەتگوزاریییە سەرەتاییەكانمان وەك پێویست نییە و ئەو دروشمانەی لەپێناویدا خەباتمان كرد لەژێر مەترسیدان."

دەشڵێت، ئەركە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێز و لایەنە سیاسییەكان ململانێ شەخسی و حزبییەكانیان وەلا بنێن و لەپێناو كوردستانێكی ئازاد و دیموكراسی،  كەتێیدا مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و خزمەتگوزارییەكان و دابینكردنی ژیانێكی شایستە و خۆشگوزەران بۆ هاوڵاتیان دابینبكرێت و نەكرێنە قوربانی ململانێكان.

نووسیویشییەتی، "پێویستە بەرامبەر خوێنی شەهیدانمان بەرپرسانە مامەڵە بكەین و خەبات بكەین لەپێناو ژیانێكی شایستە بۆ گەلەكەمان و پاراستنی ئەو دەستكەوتانەی بە خەبات و قوربانیدانی قارەمانان هاتەدی."

کۆسرەت رەسوڵ دەڵێت، "ئەم یادە بە دەرفەت دەزانم داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان بكەم كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەن و دەبێت خەمی گەورەمان خەمی خەڵك بێت نەك خەمی تر"، لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوەکردووە، "كوردستان و ئەزموونەكەمان گەورەتر و گرنگترە لە هەموو كەس و لایەنێك."

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ ٣٠ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەو راپەڕینەی لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٩١ لە کوردستاندا روویدا و لە ٥ی ئازاردا لە ڕانییەوە دەستیپێکرد، کۆسرەت رەسوڵ بۆ ئەو یادە نووسیویەتی، "٣٠ ساڵ لەمەوبەر، بە دەستپێشخەری و رابەرایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەشداری هێزە كوردستانییەكان لەچوارچێوەی بەرەی كوردستانی، بە پلانێكی تۆكمەی كوردستانیانە و بەشداری هێزی پێشمەرگە و رێكخستنە نهێنییەكان و شانە چەكدارەكان و جەماوەری خرۆشاو و داخ لە دڵی كوردستان دژی بەعس لە رانیەی دەروازەی راپەرینەوە تا كەركوكی سەری كوردستان، پلانی راپەڕینمان داڕشت و بە سەركەوتوویی جێبەجێمان كرد."

لە بەرامبەریشدا، بەشێکی خەڵکی کوردستان پێیان وایە، ئەو ئامانجەی راپەرینی بۆکرا لە ئێستادا بەهۆی ململانێ حزبییەکانەوە لەناوچووە و ئەو دەستکەوتانەی لە راپەڕیندا بەدەستهاتوون، لە ئێستادا نەپارێزراون، بەشێکی هاوڵاتیانیش لە گوزەرانێکی خراپدان، هەر لە نەبوونی خزمەتگوزارییەکانەوە تاوەکو کەمی و نەبوونی هەلی کار و لێبڕین و دابەشنەکردنی موچەی موچەخۆران.