سەردێڕ:

هۆشیار عەبدوڵا: لەسەر کەیسەکەی غالب محەمەد پارتی هەڕەشەی دوو ئیدارەیی لە یەکێتی کردووە

فۆتۆ: 
2021-03-05

16499 جار خوێندراوەتەوە

هۆشیار عەبدوڵا رایگەیاندووە، پارتی هەڕەشەی دوو ئیدارەیی لە یەکێتی کردووە بەوەی، ئەگەر ئەو کەسانەی لەسەر کەیسی هێرشکردنە سەر غالب محەمەد دەستگیرکراون، ئازادنەکرێن.


هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای رایگەیاندووە، "ئەو فشارەی پارتی دروستیکردووە لە رێگای سەرۆکی پارتییەوە و سەرۆکی حکومەتەوە ئەوەمان پێدەڵێت، پارتی بە تۆخی تێوەگلاوە لەم تاوانەوە، ئەگینا پێویست بوو هەموو کارئاسانییەک بکەن بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەوەی کە سێ کەس دەستگیربکرێن و دواتر بە فشاری راستەوخۆی پارتی هەوڵبدرێت ئازادبکرێن و تەهدید بکەن بەوەی ئەگەر ئەمانە ئازادنەکرێن دوو ئیدارەیی و هەموو شتێک روودەدات، بەڕاستی ئەمە پرسیارێکی گەورە لەسەر پارتی دروستدەکات کە دەستیان هەبێت لەم تاوانەدا."

لە شەوی ٢٦ی شوباتدا، غالب محەمەد پەرلەمانتاری عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، نزیک بە کاتژمێر ٧ی ئێوارەی ئەمڕۆ، لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا، بە چەقۆ هێرشکراوەیە سەری و لە چەندین لاوە برینداریان کرد.

دوا بەدوای رووداوەکەش باسلەوەدەکرا، کە ئەو کەسەی گومان دەکرێت هێرشیکردبێتە سەر غالب محەمەد، پێشتر پێشمەرگەی سوپای رزگاری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە.

لەو بارەیەشەوە ئاری هەرسن ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی رایگەیاندووە، "سوپای رزگاری لە ئەخیر فیشەکی شەڕی ناوخۆوە تاوەکو ئێستا کۆتایی بە موهیممەکەی هاتووە و نەماوە، ئەگەر کەسێک ٢٠ یان ١٥ یان ٣٠ ساڵ لەمەوپێش، لە رێکخراوێکی سیاسییدا بووبێت، دوای سی ساڵ بچێت تاوانێک بکات ئەوە چ ئیلاقەیەکی هەیە بەسەر ئەو رێکخراوەوە؟."

ئاری هەرسین ئەو تۆمەتانەشی رەتکردووەتەوە کە پارتی لە پشت ئەو هێرشەوە بووبێت و ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەوەی دەسەڵاتی ئیداری و ئەمنیی سلێمانی لەژێر دەستە یەکێتییە نەک پارتی.

دوای ئەو رووداوی هێرشکردنە سەر غالب محەمەد، کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و چەند بەرپرسێکی پارتی و یەکێتی لە دژی یەکتری بەیاننامەیان دەردەکرد.

لە کاردانەوەی هێرشەکەی سەر غالب محەمەدیشدا، لاهور جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لە تویتێکدا بە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی وت، "تۆ بە تەواوی متمانەت لەدەستداوە"، وتیشی، "ئەو حکومەتەی کە لە کەیسی دەستگیرکردنی (٥) چالاکوانەکەی بادینان داوای لە هەموو لایەنەکان دەکرد دەستوەردان لە کاروباری دادگا نەکەن، هەمان حکومەت بە ئاشکرا و بە هەڕەشەکردن داوای ئازادکردنی (٣) ئەفسەری دەزگایەکی هەواڵگریی هەرێم دەکات کە لەسەر کەیسی پەلاماردانی پەرلەمانتار غالب محەمەد دەستگیر کراون."

دوابەدوای تویتەکەی لاهور جەنگیش، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، "سەرۆکی حکومەت پاڵپشتی دادگاکانی هەرێم دەکات کە دادپەروەرانە، سەربەخۆییانە، دوور لە ئەجێندا و بەرژەوەندی هیچ لایەک و فشاری تاک و لایەنە سیاسیەکان، بڕیار لە سەر هەموو کەیسەکان بدات"، وتەبێژی حکومەت باسی لە دوو کەیسی پێشووی سلێمانی کرد وەک وەڵامێک بۆ لاهور جەنگی و نووسیبووی، "هیچ کەیسێک پشتگوێ نەخرێت، لەوانە کەیسی رادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی و تیرۆرکردنی ئامانج بابانی و هاوژین و منداڵەکەی."

لێرەوە دەتوانیت کاردانەوەکانی دوای تویتەکەی لاهور جەنگی بخوێنیتەوە

کەیسی هێرشکردنە سەر پەرلەمانتاری عێراق غالب محەمەد نیگەرانی لای هاوڵاتیان و حزبە سیاسییەکانی هەرێم دروستکرد و بەشێکی پەرلەمانتاران لەسەری هاتنەدەنگ.

لە کاتێکدا، پارتی و یەکێتی لەم کەیسەدا یەکتریان تۆمەتبار کرد و لەرێگای چەندین راگەیاندراوەوە، هێرشیان کردە سەریەکتری، بە جۆرێک چەندین کەیس و دۆسییەی کۆنیان هەڵداوەتەوە و باسیان کردووە.

هـ.ئـ