سەردێڕ:

شێخی ئەزهەر هەڵوێستی خۆی لەبارەی سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق ئاشکراکرد

فۆتۆ: 
2021-03-05

14873 جار خوێندراوەتەوە

پاش سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق؛ شێخی ئەزهەر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک سەردانەکەی پاپای بە "مێژوویی و بوێرانە" وەسفکرد.


ئەحمەد تەیب شێخی ئەزهەر ئاماژەی بەوەدا، سەردانی برام پاپا فرەنسیس بۆ عێراق پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان و پشتیوانی بۆ هەموو گەلی عێراق پێیە، دەشڵێت، داواکارم لە خوای گەورە پشتیوانی بکات و سەرکەوتووی بکات و لەسەردانەکەیدا ئەوەی بۆ بێنێتە دی کە چاوەڕێیدەکات لە رێگەی برایەتی و مرۆڤایەتییەوە.

لە ساڵی ٢٠١٩شدا لەسەردانێکیدا بۆ ئیمارات پاپا فرەنسیس و شێخی ئەزهەر پەیماننامەی برایەتی مرۆڤایەتیان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشتی و خۆشەویستی واژۆکرد.

ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان بە سەردانێکی چاوەڕوانکراو گەیشتە فڕۆکەخانەی بەغدا، هەر بەپێی پلانی سەردانەکەی، سبەینێ شەممە، پاپا فرانسیس بەرەو شاری نەجەف بەڕێدەکەوێت و لەوێ رێککەوتنی "برایەتیی مرۆیی" لەگەڵ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق واژۆدەکات.

وابڕیارە لە رۆژی یەکشەممە، ٧ی ئەم مانگەشدا، پاپای ڤاتیکان سەردانی شاری هەولێر بکات و لە یاریگای فرەنسۆ هەریری مەراسیمێکی نوێژخوێندن بۆ دەیان هەزار هاوڵاتی مەسیحی رێکبخرێت.

پاپا فرانسیس لە ساڵی ٢٠١٣وە بووەتە پاپای ڤاتیکان و هەر لە سەرەتاوە بە کەسێکی نوێگەر ناسراوە و هەوڵی بۆ تەبایی نێوان ئایینەکان داوە و دژی دۆزینەوە زانستییەکان قسەی نەکردووە.