لەکاتی سەرکەوتنی بۆ سەر ئەو فڕۆکەیەی گەشتی پێکرد بۆ عێراق، پاپا فرانسیس جانتایەکی رەشی هەڵگرتبوو کە بووە هۆی جێگەی سەرنجی خەڵک و چەندین پرسیاری لەبارەیەوە وروژێندرا، لەسەر ئەوەی ئایا ئەو جانتایە دەبێت چی تێدابێت ئەوەندە بۆی گرنگە؟
لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا پاپا فرانسیس راستی ئەوە ئاشکرادەکات کە ئاخۆ چی لە جانتاکەیدایە و دەڵێت، "جگە لە هەندێک کتێب و خشتەی کارەکان و موسی ریشتاشین هیچی دیکەی تێدانییە".
پێشتر لە ساڵی ٢٠١٣ و لە یەکەم سەردانیدا بۆ بەرازیل پاش ئەوەی وەک پاپای ڤاتیکان دەست بەکاربوو، پاپا فرانسیس گرنگی جانتاکەی ئاشکراکرد.
هاوکات، ئاژانسی ئاسۆشەیتدپرێس بەشێوەیەکی خەندەئامێز نوسیبووی، "کلیلی چەکی ئەتۆمی تێدا نییە"، مەبەست لێی هاوشێوەی جانتا رەشەکەی کۆشکی سپی و کرملینە کە نهێنی و کلیل و کۆدی چەکی ئەتۆمی تێدایە و سەرۆکانی ئەو وڵاتانە بۆ هەرشوێنێک بچن لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن.
شوێنکەوتوانی پاپا بەردەوام واتایەکی مەعنەوی و رۆحی بە جانتاکەی دەدەن، تەنانەت یەکێک لە وێنەکێشەکان لەسەر یەکێک لە دیوارەکانی رۆما وێنەیەکی پاپای کێشاوە و جانتاکەی بەدەستەوەیە و بە زمانی ئیسپانی لەسەری نوسراوە Valores بەواتای "بەها".
جانتاکەی پاپا لە پێست دروستکراوە و کۆنە و بەردەوام خودی خۆی هەڵیدەگرێت، سەرەڕای ئەوەی بە گوێرەی پرۆتۆکۆلەکانی ڤاتیکان پاپا چەندین یاریدەدەر و هاوکاری کورسی پەیامبەرایەتی هەیە.