سەردێڕ:

توشبون و گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا لە عێراق لە هەڵکشاندایە

فۆتۆ: 
2021-03-05

1476 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی لە چەند هەفتەی رابردوودا رێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، لە ئێستاشدا و ماوەی هەفتەیەکە رێژەی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کورستان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک ئەمڕۆ لە هەرێم "٢٦٩" کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون و "پێنج" کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانی لەدەستداوە.


ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی تەندروستی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماری توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و تیایدا، تەنها لە پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق "چوار هەزار و ٨٥٨"  کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون، هاوکات لە سێ پارێزگا و دوو ئیدارەکەی هەرێمیش "٢٦٩" کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

لەراگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی عێراقدا هاتووە کە، ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق "٢٥" کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە و هاوکات لە هەرێمیش "پێنج"  کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانی لەدەستداوە.

لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ساڵی ٢٠١٩دا لەشاری وهانی چین، تا ئێستا لە عێراقدا  ٧١٩ هەزار و ١٢١ کەس لە عێراق توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، هاوکات ١٣ هەزار و ٥٣٧ کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.