سەردێڕ:

لە سەردانەکەی عێراقیدا؛ کێ پاپا دەپارێزێت؟

فۆتۆ: 
2021-03-05

9792 جار خوێندراوەتەوە

پاش شەپۆلێک لە هێرشی موشەکی بۆ سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەدی ئەمریکی و هێزە هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان، دەسەڵاتدارانی عێراق رێوشوێنی ئەمنی توندیان گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی پاپا فرانسیس لەماوەی سەردانەکەیدا، کە دوو هێزی ئامادەکراون و لەسەر خراپترین سینارۆی هەر رووداوێکی چاوەڕوان نەکراو راهێندراون و پارێزگاری پاپا دەکەن.


دەسەڵاتدارانی ئەمنی عێراق هەزاران ئەندامی هێزەکانیان لە شاری بەغدا و ئەو شوێنانەی بڕیارە پاپا فرانسیس سەردانیان بکات بڵاوە پێکردووە، بەر پرسێکی باڵای ئەمنی عێراق ئاشکرایکرد، هێزێکی هاوبەشی عێراقی و ڤاتیکان پێکەوە پاسەوانی پاپا فرەنسیس دەکەن.

باسی لەوەشکرد، هێزە هاوبەشەکە بە باشترین شێوە راهێنانیان پێکراوە و بۆ خراپترین سیناریۆی هەر رووداو و پێشهاتێکی نەخوازراو ئامادەکراون، وەک پێکدادان لە شەقامەکان و تەقینەوەی بۆمبی چێندراو و هێرشی موشەکی.

گرتنەبەری ئەم رێوشوێنانە و پێشبینیکردنی ئەم جۆرە سیناریۆیانە بەهۆی هێرشە موشەکییەکانی چەند رۆژی رابردوو و هەڕەشەی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە هاتووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان بە سەردانێکی چاوەڕوانکراو گەیشتە فڕۆکەخانەی بەغدا.

دوای ئەوەی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە فڕۆکەخانە پێشوازی لێکرد، بەگوێرەی پرۆگرامی سەردانەکەی، پاپا فرانسیس، سەر لە شارەکانی بەغدای پایتەخت، نەجەف، زیقار، هەولێر و موسڵ دەدات و لە ئێستاشدا لە کەنیسەی سەیدەت ئەلنەجاتە.

لەوبارەیەوە، پاپا فرانسیس لە تویتەری خۆی رایگەیاند، "بە گەشتێکی سێ رۆژە حەجێک بۆ عێراق دەکەم، ماوەیەکی زۆربوو دەمویست چاوم بەو گەلە بکەوێت کە نەهامەتی زۆریان بینیوە، داواتان لێدەکەم، لەم گەشتە ئیمانییەدا بە نوێژکردن هاوڕێیەتیم بکەن، تا بە باشترین و بەرهەمدارترین شێواز بەڕێوەبچێت".

هەر بەپێی پلانی سەردانەکەی، سبەینێ شەممە، پاپا فرانسیس بەرەو شاری نەجەف بەڕێدەکەوێت و لەوێ رێککەوتنی "برایەتیی مرۆیی" لەگەڵ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق واژۆدەکات.

وابڕیارە لە رۆژی یەکشەممە، ٧ی ئەم مانگەشدا، پاپای ڤاتیکان سەردانی شاری هەولێر بکات و لە یاریگای فرەنسۆ هەریری مەراسیمێکی نوێژخوێندن بۆ دەیان هەزار هاوڵاتی مەسیحی رێکبخرێت.

پاپا فرانسیس لە ساڵی ٢٠١٣وە بووەتە پاپای ڤاتیکان و هەر لە سەرەتاوە بە کەسێکی نوێگەر ناسراوە و هەوڵی بۆ تەبایی نێوان ئایینەکان داوە و دژی دۆزینەوە زانستییەکان قسەی نەکردووە.






‌بەپەلە