سەردێڕ:

فەتوایەك دەربارەی بەتاڵبوونەوەی رۆژوو بە ڤاکسینی کۆرۆنا

فۆتۆ: 
2021-03-05

4864 جار خوێندراوەتەوە

شێخ عەبدولکەریم خەساونە، موفتی ئەردەنی رایگەیاند، ڤاکسینی کۆرۆنا وەکو هەموو ڤاکسینەکانی تر لە رێگەی ماسولکەوە بە کەسەکە دەدرێت و رۆژوو بەتاڵ ناکاتەوە و ئەو موفتییە ئەردەنییە، لای خۆیەوە کۆبوونەوەی خەڵکی لە مانگی رەمەزاندا حەرامکرد.


ئەمڕۆ هەینی، ماڵپەڕە جیهانیەکان بڵاویانکردەوە، شێخ عەبدولکەریم خەساونە، موفتی ئەردەنی فەتوایەکی تایبەت بەتاڵبوونەوەی رۆژووی بە ڤاکسینی کۆرۆنا دەرکرد و ئاماژەی بەوەکرد، ڤاکسینەکە وەکو هەموو ڤاکسینەکانی تر لە رێگەی ماسولکەوە دەدرێت و کێشەی بەتاڵکردنەوەی رۆژوی نییە.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، هەرکاتێک ئەو کەسە کاریگەری نەرێنی لەسەر دەرکەوت وەکو تا، دواتر چارەسەری وەرگرت، پێویستە رۆژوەکەی بگرێتەوە لە ژێر رۆشنایی ئەم ئایەتەی قورئاندا، "فَمَن كَانَ مِنكُم مَّرِيضًا أَوْ عَلَىٰ سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِّنْ أَيَّامٍ أُخَرَ".

شێخ عەبدولکەریم کۆبوونەوەی خەڵکی لە مانگی رەمەزاندا حەرامکرد و بە پێچەوانەی یاسا و هۆکاری زیانگەیاندن بە کۆمەڵگەی داناوە.

راشیگەیاندووە، پێویستە مسوڵمانان پابەندی رێنماییە تەندروستیەکان بن، بە ئامانجی پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی هاوڵاتیان.

ئەمە لەکاتێکدایە، مانگی رەمەزان لە ئەمساڵدا لە نزیکی نیوەی مانگی نیسان دەست پێدەکات و هەموو ساڵێك مسوڵمانان پابەند دەبن بە نەخواردنی خواردن و خواردنەوە لە رۆژدا بۆ ماوەی مانگێك، هاوکات، ئەگەر کەسەکە نەخۆش کەوت ئامۆژگاری دەکرێت چارەسەری پزیشکی وەرگرێت و بەرۆژوو نەبێت و لە کاتێکی دیکەدا رۆژووەکەی بگرێتەوە.