سەردێڕ:

پاپای ڤاتیکان: پێویستە هەموو لایەک کار بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی بکەن

فۆتۆ: 
2021-03-05

2408 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی ئەمڕۆ پاپای ڤاتیکان بۆ یەکەمجار گەیشتە عێراق و لە بەغدای پایتەختدا دابەزی، لە وتارێکیدا رایگەیاند، پێوستە بەرپرسان روبەڕوی گەندەڵی و دەسەڵاتی ناشەرعی ببنەوە و هەموو لایەک کار بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی بکەن.


باسی لەوەشكرد، گەنجان لەم وڵاتە کەموکوڕی زۆر لە ژیانیاندا هەیە و پێویستە گوێ بۆ هەژاران بگیرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە مافە سەرەتاییەکان بۆ هاوڵاتیان دابینبکرێت و هیچ کەسێک هەست نەکات کە هاوڵاتی پلە دووە.

ئەمڕۆ هەینی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان بە سەردانێکی چاوەڕوانکراوی چەند رۆژە گەیشتە عێراق و وابڕیارە سەر لە شارەکانی بەغدای پایتەخت، نەجەف، زیقار، هەولێر و موسڵ بدات.

لەوبارەیەوە، پاپا فرانسیس لە تویتەری خۆی رایگەیاندبوو، "بە گەشتێکی سێ رۆژە حەجێک بۆ عێراق دەکەم، ماوەیەکی زۆربوو دەمویست چاوم بەو گەلە بکەوێت کە نەهامەتی زۆریان بینیوە، داواتان لێدەکەم، لەم گەشتە ئیمانییەدا بە نوێژکردن هاوڕێیەتیم بکەن، تا بە باشترین و بەرهەمدارترین شێواز بەڕێوەبچێت".

لە بەرامبەردا، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تویتێکی کرد و تیایدا رایگەیاند، "عێراق بە گەل و حكومەتەوە، بە گەرمی پیشوازیی لە پاپا فرانسیس دەكات، خاكی میسۆپۆتامیا لە دێرزەمانەوە تا ئێستا و بۆ هەمیشە، وێستگەیەكی مێژوویی دیداری ئایین و هزر و بەها مرۆییە هاوبەشەكانە، قەداسەتیان بەخێربێن بۆ نیشتمانی سۆمەر و بابل و ئاشور، لانكەی پێغەمبەران و پیاوچاكان".

ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و لە رێورەسمێکدا، پێشوازی لە پاپا ٨٤ ساڵەکەی ڤاتیکان کرا، کە هەر ئەمڕۆ پاپا بەرەو شاری نەجەف بەڕێدەکەوێت و لەوێ رێککەوتنی "برایەتیی مرۆیی" لەگەڵ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق واژۆدەکات.

یەکێک لەو شارانەی پاپا فرانسیس بەنیازە سەردانی بکات، شاری هەولێرە و چاوەڕواندەکرێت رۆژی ٧ی ئەم مانگە لە یاریگای فرەنسۆ هەریری مەراسیمێکی نوێژخوێندن بۆ دەیان هەزار هاوڵاتی مەسیحی رێکبخرێت.

پاپا فرانسیس لە ساڵی ٢٠١٣وە بووەتە پاپای ڤاتیکان و هەر لە سەرەتاوە بە کەسێکی نوێگەر ناسراوە و هەوڵی بۆ تەبایی نێوان ئایینەکان داوە و دژی دۆزینەوە زانستییەکان قسەی نەکردووە.






‌بەپەلە