سەردێڕ:

پەکەکە لەبارەی ڤیدیۆی سزادراوانی بادینانەوە هەڵوێستی خۆی راگەیاند

فۆتۆ: 
2021-03-05

116485 جار خوێندراوەتەوە

کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) کە باڵی سیاسی پەکەکەیە رایگەیاند، بە تەواوەتی ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە کە دراونەتەپاڵیان. دەشڵێت، "ئەو دانپێدانانە لەژێر زەختی بەدڕەوشتانەی دەزگای پاراستندا وەرگیراوە".


ئەمڕۆ هەینی، کەجەکە لە راگەیەنراوێکدا بۆ رای گشتیی گەلی کوردستان باسی لەوەکردووە، "دەزگای پاراستنی پارتی پێشتر رۆژنامەنووسانی بە جەستە تیرۆر دەكرد، ئێستا كە وەكو جاران ئەوەی پێناكرێت، هەوڵدەدات تیرۆری كەسایەتییان بكات، بەڵام هەموو ئەمانە دەرەنجامی پێچەوانەی هەیە و ئازادیخوازانی بەبارمتەگیراوی بادینان زیاتر لە جاران لە دڵی خەڵكدا جێگای رێز و خۆشەویستین".

راشیگەیاند، "ئەو ڤیدیۆی دانپێدانانە كە لە لایەن پاراستنی پارتییەوە بۆ تاوانباركردنی ئازادیخوازانی بادینان بڵاوكراوەتەوە، لە بنەڕەتدا سەلمێنەری بێتاوانی ئەو ئازادیخوازانەیە و لە هەمانكاتدا بە بێچارەیی مانەوەی پارتی و پاراستنە لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی ئاستی خۆشەویستی گەلی كوردستان و پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ئەو ئازادیخوازانە".

دەشڵێت، ئەگەر وەك ئەوەی كە لە ڤیدیۆکەدا هاتووە وێنەگرتن لە گەڵ گەریلا تاوان بێت، ئەوا بەر لە هەموو كەسێك بۆ خۆیان سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان تاوانبار دەكەن، چونكە ئەو نەك تەنیا وێنە، تەنانەت ڤیدیۆشی هەیە.

کەجەکە ئاماژە بەوەشدەکات، "ئێمە پێشتریش رامانگەیاندووە، كە بە هیچ شێوەیەك لە دژی پێگەی هەرێمی باشوری كوردستان نین و ئەم پێگەیە و گەلەكەشمان لە مەترسیدارترین دۆخدا پاراستووە و لەمەودواش دەیپارێزین".

دەق راگەیەنراوی کەجەکە:

بۆ رای گشتی گەلی كوردستان

لە رۆژی ٤ی ئاداری ٢٠٢١ دەزگای پاراستنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ژێر ناوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان راپۆرتێكی ڤیدیۆیی بڵاو كردەوە كە گەوایە چەن تاوانبارێك دان بەوەدا دەنێن كە پەیوەندییان لە گەڵ PKK هەبووە و ویستوییانە كاری تێكدەرانە بكەن. ئەم ڤیدیۆیە كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە لە یەكەم هەنگاودا زۆرینەی دامەزراوە پێكهێنەرەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان فەرمییبوونی ئەم راپۆرتە ڤیدیۆیەیان رەت كردەوە  و بێ ئاگابوونی خۆیان لە راپۆرتێكی وەها راگەیاند. هەرەوەها پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینانیش لە بواری مافناسی و دادەوەرییەوە بێ بنەما بوونی ئەو تۆمەتانەییان ئاشكراكرد. ئێمەش ئەو راپۆرتە ڤیدیۆیە و هەموو ئەو  تۆمەتانەی كە دراوەتە پاڵ  بزووتنەوەكەمان بە تەواوی رەتیان دەكەینەوە و رایدەگەینین كە ئەو ناو و گرتەی دەنگ و شتی دیكە كە بۆ تۆمەتباركردنی PKK بەكار هاتووە دروستكراون و دورن لە راستییەوە. پێمان وایە كە ئەو ئازادیخوازانە لە سەر بیر و رای ئازاد و لەسەر كاری رۆژنامەگەری لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بە بارمتە گیراون و هەموو ئەو دانپێدانانە لە ژێر زەختی بەدروشتانەی دەزگای پاراستندا لەوان وەرگیراوە و ویژدانی ئاگای گەلەمەكان هیچ كاتێك بڕوا بەو سیناریۆیانە ناكات. دەزگای پاراستنی پارتی پێشتر رۆژنامەنووسانی بە جەستە تیرۆر دەكرد، ئێستا كە وەكو جاران ئەوەی پێی ناكری، هەوڵ دەدات تیرۆری كەسایەتییان بكات. بەڵام هەموو ئەمانە دەرەنجامی پێچەوانەی هەیە و ئازادیخوازانی بەبارمتەگیراوی بادینان زیاتر لە جاران لە دڵی خەڵكدا جێگای رێز و خۆشەویستین.

ئەو ڤیدیۆی دانپێدانانە كە لە لایەن پاراستنی PDKوە بۆ تاوانباركردنی ئازادیخوازانی بادینان بڵاو كراوەتەوە لە بنەڕەتدا سەلمێنەری بێتاوانی ئەو ئازادیخوازانەیە  و لە هەمانكاتدا بەبێچارەیی مانەوەی پارتی و پاراستن لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی ئاستی خۆشەویستی گەلی كوردستان و پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ئەو ئازادیخوازانە نیشان دەدات. هەموو ئەو دەنگ و نووسراوانەی كە لە ئەو ڤیدیۆیەدا هاتوون سیناریۆن و هیچ بنەمایەكی دادپەرەوەری و ئەخلاقی و ئینسانی یان نییە.

ئەگەر وەك ئەوەی كە لە ڤیدیۆیەكی پاراستنی PDKدا هاتووە وێنەگرتن لە گەڵ گەریلا تاوان بێت، ئەوا بەرلە هەموو كەسێك بۆخۆیان سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان تاوانبار دەكەن، چۆنكە ئەو نەك تەنیا وێنە، تەنانەت ڤیدیۆشی هەیە. ئەم تاوانباركردنە لە هەمانكاتدا سووكایەتیكردنە بە هەموو ئەو  پێشمەرگانەی كە لە كاتی شەڕ داعشدا  شان بە شانی گەریلا شەڕیان كردووە و گەڵ گەریلا، بە شانازییەوە، وێنە و سێلفی یان گرتووە. هەروەها سووكایەتیكردنە بە ئەو هەڤاڵە پیِشمەرگانەی كە لە گەڵ هەڤاڵانی گەریلا لە یەك سەنگەردا شەهید بوون.  ئەم سیاسەتەی پاراستنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بنەڕەتدا پیلانێكی توركیایە بۆ شێواندنی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی نەوەكانی داهاتوو. چۆنكە گەریلا ناسنامەی خۆڕاگری نەتەوەی كوردە و هەركوردێكی نیشتمانپەرەوەر و هەر مرۆڤێكی ئازادیخواز شانازی پێوەدەكات.

لە راپۆرتە ڤیدیۆیەكەدا زۆر تانە و تۆمەتی بێ بنەما ئاراستەی بزووتنەوەی ئازادیخوازی كوردستانیش كراوە. ئێمە بە جاران رامانگەیاندووە كە بە هیچ شێوەیەك لە دژی پێگەی هەرێمی باشووری كوردستان نین و ئەم پێگەیە و گەلەكەشمان لە مەترسیدارترین دۆخدا پاراستووە و لەمەو بەدواش دەیپارێزین. گەوەرترین مەترسی بۆ سەر پێگە و گەلی باشووری كوردستان و تەنانەت هەموو كوردستانیش سیاسەتەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانە كە رێگا بۆ داگیركەر خۆش دەكات و پاكانە بۆ كۆمەڵكوژییەكانی دەكات. توركیا بە رێگەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە باشووری داگیركردوە، ئابووری ئەم نیشتمانە تاڵان دەكات و دەیڕۆخێنێت، سیاسەتێكی فەرهەنگی زاڵ كردووە كە كەلتوور و كۆمەڵگا و تاكی كورد هەڵدەوشێنێتەوە، ئێستاش خەریكە دەسەڵاتی دادوەری بەتەواوی تەسلیمی توركیا دەكات و لەسەر داوای توركیا رۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی دەگرێت. ئەو سیاسەتی ئەمنی، سەربازی، ئابووری و كەلتوورییەی كە ئێستا لە دژی گەلەكەمان لە باشووری كوردستان پەیڕەو دەكرێت، درێژكراوەی هەمان سیاسەتە كە دەسەڵاتی فاشیستی ئاكەپە و مەهەپە لە باكوور و رۆژئاوای كوردستان لە دژی سیاسەتمەدار و چالاكوانانی كورد پەیڕەوی دەكەن.

رێكەوت نییە كە لە رۆژی ئۆپەراسیۆنی داگیركاری توركیا  لە سەر هەرێمی گارێ مەسرور بارزانی چالاكوانانی بادینان بە سیخوڕ ناودەبات و لەو رۆژەی كە خائین و نۆكەری توركیا و قەسابی شەنگال و عەفرین و سەرێكانی (ناسر حەریری)  لە كۆشكەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر لە سەر فەرشی سوور پێشوازی لێدەكرێت، ڤیدیۆی دانپێدانانی هەمان چالاكوانان  لە لایەن مەسرور بارزانییەوە بڵاو دەكرێتەوە.

ئەم راپۆرتە ڤیدیۆییە بۆ پەردەپۆشكردنی هەموو ئەو تاوانە نەتەوەیی و ئەخلاقییانەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامی دەدات. بۆ پەردەپۆشكردنی تیرۆری رۆژنامەوانان و ئازادیخوازان و پەرلەمانتارانە. بۆ پەردەپۆشكردنی پێشوازیكردنە لە قەسابی عەفرین و سەرێكانی  و شەنگال (ناسر حەریری) لە كۆشك و تەلاری پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر فەرشی سوور. بۆ پەردەپۆشكردنی شكستی مێژوویی توركیایە لە گارێ  و لە حەفتانین. بۆ پەردەپۆش كردنی رادەستكردنەوەی سیاسەتمەداری كورد عومەر بارتانە بە دەوڵەتی توركیا. بۆ پەردەپۆشكردنی دزی و گەندەڵی و سیاسەتی هەژاركردنی خەڵكی باشووری كوردستانە.

لێرەدا بانگەوازی لە رای گشتی و هەموو هێز و لایەنە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان دەكەین كە لە بەرامبەر پێشێلكردنی ماف و ئازادییەكان، زیندانی كردن و ئەشكەنجەكردنی ئازادیخوازان، چەواشەكردنی راستییەكان و سووكایەتیكردن بە بەها نیشتمانییەكان ئەرك و بەرپرسیارێتی دیموكراتی خۆیان بە جێ بهێنن.

لەگەڵ رێزدا

كۆمیتەی پەیوەندییەكانی كۆما جڤاكێن كوردستان KCK

٥ی ٣ی ٢٠٢١