سەردێڕ:

مەسرور بارزانی: با یادی راپەڕین هاندەری زیاترمان بێت بۆ پشتیوانی حکومەت

فۆتۆ: 
2021-03-05

6139 جار خوێندراوەتەوە

لە پەیامێکیدا بەهۆی یادی راپەڕینەوە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "با یادی راپەڕین هاندەری زیاترمان بێت بۆ ئەوەی پشتيوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بین". دەشڵێت، پشتیوانی حکومەت بن تا بتوانێت کارنامە چاکسازییەکەی جێبەجێ بکات.


لە درێژەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی حکومەت دەڵێت، هاندەر و پشتیوانی حکومەت بن "تا خزمەتێکی شایستەتر پێشکەشی سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و بەیەکەوە، هەرێمی کوردستان بەرەو قۆناغێکی گەشەسەندووتر ببەین".

دەشڵێت، راپەڕینی ئازاری ١٩٩١، بەرهەمی یەکڕیزی و یەکگرتوویی سەرجەم چین و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان بووە.

ئەوەشی وتووە، بەرهەمی راپەڕین دروستبوونی قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەکانی هەرێم بووە، "پێویستە ئەمڕۆش، هەر تاکێکی کوردستانی و هەموو لایەن وپێکهاتەكان، بە یەکڕيزی و یەکدەنگییەوە، داکۆکی لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن".

ئەمڕۆ ٥ی ٣، یادی دەستپێکی راپەڕینی ئازاری ساڵی ١٩٩١ی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە کە سەرەتا لە دەڤەری راپەڕین (رانیە و قەڵادزێ) دەستیپێکرد و لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا تەواوی شارەکان بە حکومەتی ئەوکاتەی عێراق چۆڵکران.