سەردێڕ:

ئەمڕۆ پاپای ڤاتیکان سەردانی عێراق دەکات

بۆ یەکەمجار لە مێژوودا
فۆتۆ: 
2021-03-05

1573 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ هەینی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان بە سەردانێکی چاوەڕوانکراوی چەند رۆژە دەگاتە عێراق و وابڕیارە سەر لە شارەکانی بەغدای پایتەخت، نەجەف، زیقار، هەولێر و موسڵ بدات.


لەوبارەیەوە، پاپا فرانسیس لە تویتەری خۆی رایگەیاند، "بە گەشتێکی سێ رۆژە حەجێک بۆ عێراق دەکەم. ماوەیەکی زۆربوو دەمویست چاوم بەو گەلە بکەوێت کە نەهامەتی زۆریان بینیوە. داواتان لێدەکەم، لەم گەشتە ئیمانییەدا بە نوێژکردن هاوڕێیەتیم بکەن، تا بە باشترین و بەرهەمدارترین شێواز بەڕێوەبچێت".

لە بەرامبەردا، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تویتێکی کرد و تیایدا هاتووە، "عێراق بە گەل و حكومەتەوە، بە گەرمیی پیشوازیی لە پاپا فرانسیس دەكات. خاكی میسۆپۆتامیا لە دێرزەمانەوە تا ئێستا و بۆ هەمیشە، وێستگەیەكی مێژووی دیداری ئایین و هزر و بەها مرۆییە هاوبەشەكانە. قەداسەتیان بەخێربێن بۆ نیشتمانی سۆمەر و بابل و ئاشور، لانكەی پێغەمبەران و پیاوچاكان".

وابڕیارە ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و لە رێورەسمێکدا، پێشوازی لە پاپا ٨٤ ساڵەکەی ڤاتیکان بکرێت و ئەویش مەبەستیەتی زوو بەرەو شاری نەجەف بەڕێبکەوێت و لەوێ رێککەوتنی "برایەتیی مرۆیی" لەگەڵ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق واژۆبکات.

یەکێک لەو شارانەی پاپا فرانسیس بەنیازە سەردانی بکات، شاری هەولێرە و چاوەڕواندەکرێت رۆژی ٧ی ئەم مانگە لە یاریگای فرەنسۆ هەریری مەراسیمێکی نوێژخوێندن بۆ دەیان هەزار هاوڵاتی مەسیحی رێکبخرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان، پاپا فرانسیس لە ساڵی ٢٠١٣وە بووەتە پاپای ڤاتیکان و هەر لە سەرەتاوە بە کەسێکی نوێگەر ناسراوە و هەوڵی بۆ تەبایی نێوان ئایینەکان داوە و دژی دۆزینەوە زانستییەکان قسەی نەکردووە.