سەردێڕ:

سیپان ئامێدی: پارتی و یەکێتی گیراوەکانی بادینانیان کردە قوربانی ناکۆکییەکانیان

فۆتۆ: 
2021-03-04

3461 جار خوێندراوەتەوە

سیپان ئامێدی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، پارتی و یەکێتی گیراوەکانی بادینانیان کردووەتە قوربانی ناکۆکییەکانی نێوانیان. دەشڵێت، ڤیدیۆی دانپێدانانی سزادراوەکانی بادینان "هیچ بەهایەکی نییە" چونکە دەبێت لەبەردەم دادوەردا بێت.


سیپان ئامێدی دەشڵێت، ئەو جۆرە سیناریۆیانەی پارتی و یەکێتی رووی راستەقینەی حکومڕانیەکەیان دەردەخات. باس لەوەشدەکات، "هیوادارم ئازادبکرێن چونکە هیچ بەڵگەیەک نییە کە پشتراستی ئەو تۆمەتانەی سەریان بکاتەوە".

هەو لەوبارەیەوە، فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، چوار ئەندامیان لە پرۆسەی دادگاییکردنی سزادراونی بادیناندا بوون و بەوهۆیەوە، جیاوازی و دژیەکی لە رۆژی دادگاییکردن و ڤیدیۆکەدا دەبینن. داواشدەکات، سزادراوەکانی بادینان ئازادبکرێن.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، پەیجی فەرمی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە فەیسبووک، لەژێر ناونیشانی "دەقی دانپێدانانی تۆڕی سیخوڕە دەستگیرکراوەکانی دەڤەری بادینان" ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە.

دوابەدوای ئەوەش، بەشدار حەسەن سەرۆکی بۆردی پارێزەرانی کەیسی سزادراوانی بادینان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو ڤیدیۆیەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم وەکو دانپێدانانی گیراوەکانی بادینان بڵاویکردەوە، کاری پێناکریت و بەپێ یاساش دەبێت سزادراوان لەبەردەم دادوەردا دان بە تاوانەکەیاندا بنێن. وتیشی، "ئەو دانپێدانانە لە ژێر هەڕەشەدا بووە".

هەر ئەمشەو، لەکۆی پێنج ئەندامی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، سێ ئەندامیان دژی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانی سزادراوانی بادینان هاتنەدەنگ و رایانگەیاند، به‌ هیچ جۆرێك ئاگاداری ئه‌و راپۆرت و دانپێدانانه‌ نین كه‌ به‌ناوی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشەوە بڵاوكراوەتەوه‌ و سیفه‌تی فه‌رمیبوون وه‌رناگرێت.