سەردێڕ:

فراکسیۆنی گۆڕان لەبارەی ڤیدیۆی سزادراوانی بادینانەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2021-03-04

14197 جار خوێندراوەتەوە

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، چوار ئەندامیان لە پرۆسەی دادگاییکردنی سزادراونی بادیناندا بوون و بەوهۆیەوە، جیاوازی و دژیەکی لە رۆژی دادگاییکردن و ڤیدیۆکەدا دەبینن.


ئەمشەو پێنجشەممە، فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بۆ رایگشتیی رایگەیاند، "لەگەڵ ئەوەی مافی ئەوەمان نییە دەست وەربدەینە کاروباری  دادگاکان، ھەمیشە  داوا دەکەین دادگاکان سەربەخۆ بن، بەڵام ئەوەی لە دانیشتنەکانی دادگا گوێبیست بووین بە بەراورد بە دانپێدانانەکان کە لە راگەیاندنەکان بڵاوکرایەوە، جیاوازی و دژیەکی زۆر دەبینین".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بۆیە داوادەکەین لە کاتی پێداچوونەوەدا دادگا رەچاوی پڕەنسیپی دادپەروەری بکات بەشێوەیەکی بێلایەنانە و دوور لە گوشارە سیاسیەکان بە کەیسەکەدا بچێتەوە و بڕیاری پێویستی لەبارەوە لێبدرێت و ئازادبکرێن".

ئەمەش دوای ئەوە دێت، سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، پەیجی فەرمی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە فەیسبووک، لەژێر ناونیشانی "دەقی دانپێدانانی تۆڕی سیخوڕە دەستگیرکراوەکانی دەڤەری بادینان" ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە.

دوابەدوای ئەوەش، بەشدار حەسەن سەرۆکی بۆردی پارێزەرانی کەیسی سزادراوانی بادینان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو ڤیدیۆیەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم وەکو دانپێدانانی گیراوەکانی بادینان بڵاویکردەوە، کاری پێناکریت و بەپێ یاساش دەبێت سزادراوان لەبەردەم دادوەردا دان بە تاوانەکەیاندا بنێن. وتیشی، "ئەو دانپێدانانە لە ژێر هەڕەشەدا بووە".

هەر ئەمشەو، لەکۆی پێنج ئەندامی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، سێ ئەندامیان دژی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانی سزادراوانی بادینان هاتنەدەنگ و رایانگەیاند، به‌ هیچ جۆرێك ئاگاداری ئه‌و راپۆرت و دانپێدانانه‌ نین كه‌ به‌ناوی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشەوە بڵاوكراوەتەوه‌ و سیفه‌تی فه‌رمیبوون وه‌رناگرێت.