سەردێڕ:

کەتائیبی حزبوڵا لەبارەی سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق هۆشداری دەدات

فۆتۆ: 
2021-03-04

14340 جار خوێندراوەتەوە

کەتائیبی حزبوڵای عێراقی هۆشداریدا لە سەردانەکەی پاپا فرەنسیس بۆ عێراق و رایگەیاند، "هۆشداریی دەدەین لەوەی بەناوی گفتوگۆی ئاینەکان بۆ شاری ئوری شوێنەواری کراوە"، دەشڵێت، واباشترە پاپا وڵاتەکەی خۆی باش بکات کە روبەرەکەی لە روبەری مەدینە سەدری بەغدا زیاتر نیە.


ئەبو عەلی عەسکەری بەرپرسی ئەمنی کەتائیبی حزبوڵا لە تویتێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئاشکرایکرد، "پێویستە زۆر گەشبین نەبین بە سەردانەکەی پاپا و پێمان وابێت وڵاتەکەمان ئەکاتە مەیدانی ئاشتی".

دەشڵێت، واباشترە پاپا وڵاتەکەی خۆی باش بکات کە روبەرەکەی لە روبەری مەدینە سەدری بەغدا زیاتر نیە، پێش ئەوەی هەوڵبدات وڵاتانی دیکە چاکبکات.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "رایدەگەیەنین گفتوگۆ لەگەڵ داگیرکەری خاکەکەمان و بکوژان ناکەین، بەتایبەتی ئەو خیانەت کارانەی دەستیان داوەتە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، هاوکات، هۆشداریدەدەین لەوەی بەناوی گفتوگۆی ئاینەوەکانەوە بۆ شاری ئوری شوێنەواری کراوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە هەڵبژاردنی ئەم کاتە و ئەو شوێنانە جێگەی گومانن و تێبینیان لەسەری هەیە.

لە درێژەی تویتەکەیدا دەڵێت، "پێویستە چەند خاڵێکی گرنگ باس بکەین لەوانەش پیرۆزبایی لە بەرگریکارانی عێراقدەکەین بە ئەنجامدانی ئەو کارە پاڵەوانێتیەی ئەنجامیان داوە لە هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد و داوا لە رۆڵەکانمان دەکەین بەردەوامبن بۆ دەرکردنی بکوژەکان".

لە کۆتایدا دەڵێت، "دەنگۆی ئەوە هەیە کەتائیبی حزبوڵا لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستی بە گفتوگۆکردنی غەدرکارانە کردبێت بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان، ئەمە نەڕویداوە و نە هەرگیز رودەدات".

ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە سبەینێ پاپا فرەسنیس، رابەری ئاینی و رۆحی کرستیانە کاسۆلیکەکانی جیهان و سەرۆکی حکومەتی ڤاتیکان بە سەردانێکی فەرمی بگاتە بەغدا و لەگەڵ سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق "پەیماننامەی برایەتی مرۆڤایەتی" واژۆبکات و دواتر سەردانی هەرێمی کوردستان بکات. هاوکات، دوێنی بە موشەکە هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەدی ئەمەریکی لە پارێزگای ئەنبار.