سەردێڕ:

خۆپیشاندانەکانی لوبنان دژی خراپی دۆخی ئابوری و دابەزینی بەهای دراوەکەیان بەردەوامە

فۆتۆ: 
2021-03-03

1246 جار خوێندراوەتەوە

خۆپیشاندان لە لوبنانی پایتەخت و شار و شارۆچکە جیاوازەکانی لوبنان پێدەنێتە رۆژی دووەم، کە تیایدا هاوڵاتیان و چین و توێژە جیاوازەکان لەبەرامبەر دابەزینی بەهای دراوی ئەو وڵاتە و سەختی دۆخی ئابورییەکەی، خۆپیشاندانیان دەستپێکردووە.


قەیرانی دارایی، خراپی دۆخی گوزەران، گرانی خواردن و کاڵا و شتومەک، کەمی هەلی کار و دابەزینی بەردەوامی بەهای دراوی لوبنان، تینی بەهاوڵاتیانی لوبنان هەڵچنیوە و تا دێت ئاسۆی ژیانیان روو لە تاریکی دەکات.

لەتویتێکدا، میشێل عەون سەرۆکی لوبنان داوای لە پارێزگاری بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە کرد بۆ ئەوەی دەستبەجێ لە هۆکارەکانی پشت دابەزینی بەهای دراوی ئەو وڵاتە بکۆڵێتەوە و هەروەها هەموو هەوڵێکیش بدەن تا پێگەی بەهای دراوی وڵاتەکەی بگەڕێننەوە ئاستی پێشووتری.

سەرهەڵدانی ئەم شەپۆلە توندەی خۆپیشاندان لە لوبنان دوای ئەوە دێت، دوێنێ سێشەممە لیرەی لوبنانی بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو دابەزی، بەجۆرێک بەهای ١٠ هەزار لیرەی لوبنانی یەکسان بوو بە یەک دۆلاری ئەمریکی، ئەمەش داتەپینێکی زۆر بەرچاوە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا و بەمەش بەرێژەی %٨٥ بەهای راستەقینەی خۆی لەدەستدا.

دابەزینی بەهای دراوی ئەو وڵاتە لە سەرلەبەیانی دوێنێ سێشەممەدا، بووە هۆی ئەوەی لەهەمان رۆژدا هاوڵاتیانی لوبنان بڕژێنە سەرشەقامەکان و ناڕەزایەتی خۆیان لەبەرامبەر دابەزینی بەهای دراوی وڵاتەکەیان دەرببڕن، تیادا بە سوتاندنی تایە و داخستنی شەقامەکان هەستی توڕەیی خۆیان لەهەمبەر ئەو بارودۆخە نیشاندا.

جیاواز لەهۆکارەکانی دیکە، تەقینەوە گەورەکەی رۆژی ٤ی مانگی ئابی ساڵی رابردووی بەندەری بەیرووتی پایەتختی لوبنان، کە بەهۆیەوە ١٧٩ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە شەش هەزار کەسی دیکە برینداربوون و بە سەدان هاوڵاتی بێلانە بوون، پارێزگاری بەیروتیش ئەوەی خستەڕووو، "زیانەکانی تەقینەوەكەی بەندەری شاری بەیروتی پایتەختی بەزیاتر لە ١٥ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت"، ئەمەش قەبارەی خراپی دۆخی ئابوری و گوزەرانی لوبنانی خراپتر کرد.


لوبنان لەرووی سیاسییەوە بەسەر هەر سێ لایەنی شیعە و سوننە و مەسیحییەکاندا دابەش بووە و ئەو سێ لایەنەش پێکهێنەری سەرەکی ئەو وڵاتەن، لە ئیستاشدا میشێل عەون سەرۆک کۆماری لوبنانە.

لوبنان وڵاتێکە لە وڵاتەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە دەکەوێتە باشوری رۆژئاوای کیشوەری ئاسیاوە، پایتەختەکەی شاری بەیروتە، لەرووی جوگرافیاوە دەکەوێتە باشوری رۆژئاوای ئاسیاوە و لە رۆژاواش دەریایی ناوەڕاستە و لە رۆژھەڵاتیشەوە بەستراوە بە زنجیرە چیاکانی  وڵاتی فەڵەستین.

بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٤ ژمارەی دانیشتووانی وڵاتی لوبنان ٤٬٩٦٥٬٩١٤ کەس بووە کە دەکاتە ٠٫٠٧ لەسەدی رێژەی خەڵکی جیھان.